کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنوێژی گوندێکی سەربە شارستانی بانە بەهۆی گوشاری هێزەکانی رێژیمەوە لەسەر کارەکەی دەرکرا

16:27 - 2 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: مامۆستایەکی ئایینیی کوردی سوننە مەزهەب بۆ دووهەمین جار مافی پێشنوێژی و وتارخوێنیی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لێ سەندرایەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پێش ئێستا مامۆستا مەلا ساحیب غەریبی پێشنوێژی پێشووی مزگەوتی گوندی نێ و پێشنوێژی ئێستا گوندی \'\'قایبەرد\'\'ی شارستانی بانه، بەهۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەسەر کارەکەی دەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار هۆکاری دەرکرانی \'\'مەلا ساحیب غەریبی\'\'ی لە پێشنوێژیی گوندی \'\'قایبەرد\'\' سەربە شارستانی بانە، \'\'ملکەچ نەبوونی ئەو مامۆستایە بۆ بانگەشەکردن بۆ سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە مینبەری مزگەوتەوە\'\' بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'راگەیاند.

مەلا ساحیب غەریبی خەڵکی گوندی هەورامانی تەخت سەربە شارستانی سەوڵاوا، پێشتر پێشنوێژ و وتارخوێنی نوێژی هەینیی گوندی نێ لە شارستانی مەریوان بوو.

مەلا ساحیب غەریبی پێشتریش لە گوندی نێ مافی وتار خوێندن و پێشنوێژیی لەو مزگەوتەدا لێ سەندرابوویەوە و بۆ شارستانی بانە دوورخرابووەوە.

ئەو مامۆستا ئایینییە تەنیا بە تۆمەتی \'\'ملکەچ نەبوون بە بڕیاری دەزگای ئیتلاعات لەمەڕ پڕوپاگەندە بۆ سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران\'\' مافی پێشنوێژی و وتارخوێنیی لە گوندەکانی \'\'نێ و قایبەرد\'\'ی لێ سەندراوەتەوە.