کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشکەشییە خەڵکییەکان بە ئەوقاف، دەگەنە کەرتی سەربازی

19:04 - 13 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: داهاتی ڕێکخراوی ئەوقاف لە ئێراندا، بۆ بەشی سەربازی و پەرەدان بە پڕۆژەی مووشەکی و ئەمنییەتییەکان، خەرج دەکرێت.

وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێکخراوی ئەوقاف و کاروباری خێرخوازی، بە مەبەستی بڕەودان بە فەرهەنگی "وەقف" بە کەرتی بەرگری و ئەمنییەتی، ڕێککەوتنامەیەکیان واژۆ کردووە.

مەبەست لەو ڕێککەوتننامەیە کە لە لایەن سەرتیپی ڕێژیمی ئێران "ئەمیر حاتەمی"، وەزیری بەرگریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاخوند "عەلی محەممەدی"ـیەوە واژۆ کراوە، بەرزکردنەوە و بڕەودان بە فەرهەنگی "وەقف" بە کەرتی سەربازی، ڕاگەیەندراوە.

وەزیری بەرگریی ڕێژیم وێڕای دەسخۆشی لە ڕێکخراوی ئەوقاف، یارمەتیدانی هاوڵاتییان بە بەشی سەربازی و بەهێزکردنی کەرتی ئەمنییەتی و بەرگریی بە مسۆگەرکردنی بەهەشت شوبهاندووە.

بەرپرسی ڕێکخراوی ئەوقافیش بە مەبەستی شەرعییەتدان بەو کارەی ڕایگەیاندووە، کە یارمەتیگەیاندن بە کەرتی سەربازی و ئەمنییەتی لە قورعاندا باسی لێوە کراوە.

هەر دوو بەرپرسی ڕێژیم پاش واژۆی ئەو ڕێککەوتنامەیە ڕایانگەیاندووە، بەرزکردنەوەی ئاستی توانایی بەرگری و ئەمنییەتی وڵات ڕۆڵێکی یەکجار کاریگەری لەسەر کەرتی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە.

وا پێدەچێت کە پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و ترسی ڕێژیم لە جێبەجێکردنی بڕیاری وەگەڕخرانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیم، داڕامانی ئابووری و بەتاڵبوونی سندووقەکانی پاشەکەوتی ڕێژیم و وشکبوونی سەرچاوە ئابوورییەکان بە هۆی کشانەوەی کۆمپانیا و بازرگانەکان لە ڕێژیمی ئێران، ئەو جۆرە هەوڵانە ڕێکارگەلێکی ڕێژیم بن بۆ بەردەوامبوونی لە بواری سەربازی و پەرەدان بە پڕۆژەی مووشەکی و بەرنامە ناوکییەکەی.

وڵاتانی ئامریکایی و زۆربەی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا ، چالاکییە سەربازی و مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری و پەرە ئەستاندنی شەڕ و ناکۆکیەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زانیوە و داوایان لەو ڕێژیمە کردووە هەتا کۆتایی بە دەستێوەردان و ئاژاوە نانەوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێنێت.