کوردستان میدیا: وەزارەتی بەرگریی ئامریکا (پێنتاگۆن) بەشێک لە ویدیۆ و وێنەکانی عەمەلیاتی هێرش بۆ سەر حەشارگەی "خەلیفەی داعش" بڵاو کردەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەر، پێنتاگۆن زانیاریی عەمەلیاتی کوشتنی "ئەبووبەکر بەغدادی" خەلیفەی ڕێبەری گرووپی تێرۆریستیی داعشی بە شێوەی ویدیۆ و وێنە بڵاو کردەوە.
ژەنەراڵ "فرانک مەکێنزی" فەرماندەی "سێنتکام" گوتوویەتی: "دوای ڕۆیشتنەژوورەوەی هێزەکانی ئامریکایی بۆ حەشارگەی ئەبووبەکر بەغدادی بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی؛ ناوبراو جلیقەی ئینتحاریی خۆی تەقاندەوە و خۆی کوشت".
لەو عەمەلیاتەدا ئەبووبەکر وێڕای دوو منداڵەکانی خۆی کوشت.
ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئامریکا هێرشیان کردە سەر حەشارگەری بەغدادی لە پارێزگای ئەدلب لە سووریە و ڕێبەری گرووپی "داعش"ـیان کوشت.
لە دوای ئەوەیکە هەواڵی کوشتنی "ئەبووبەکر بەغدادی"، سەرکردەی گرووپی تێرۆریستیی داعش لە میدیاکاندا بڵاو کرایەوە، "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا لە پرێس کۆنفڕانسێکدا پشتڕاستی کردەوە کە "بەغدادی" کوژراوە.
لەو عەمەلیاتەدا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، هێزی نیزامیی کورد لە گەورەترین ئۆپراسیۆنی دژی تێرۆریزمدا بەشداریی کردووە.
داعش یەکیک لە مەترسیدارترین گرووپە تێرۆریستییەکانی سەدەی ٢١ بوو.