کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگۆن: لە هەر شوێنێک ڕێژیمی ئێران هەبێت، بێسەرەبەرەییش هەیە

19:39 - 14 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: "پێنتاگۆن" وەزارەتی بەرگریی ئامریکا بڵاوی کردووەتەوە، کە درێژەی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریه جێگای نیگەرانییە.

"دانا وایت" وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاندووە، هەوڵ و کردەوەکانی ڕێژیمی ئیران لە ناوچەدا بووەتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە و ئەمنییەتی ناوچەکەی تێک داوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا وتوویەتی: ئێمە لە دزەکردن و هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەدا نیگەرانین و ئەو ڕێژیمە بە پشتیوانی لە هێزە میلیشیاکانی سەر بە خۆی وەک: حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن، ناسەقامگیریی ناوچەکەی تێک داوە و درێژە بەو هەوڵانەش دەدات".

وایت باسی لەوەش کردووە، لە هەر جێگایەک ڕێژیمی ئێران هەبێت، بێسەروبەرەیی هەیە.

ئەو بەرپرسەی ئامریکا، لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: کە شەڕی سووریە زۆر ئاڵۆز بووە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران درێژە بە تێکدانی دۆخی سووریە دەدات و پشتیوانی لە سووریە دەکات.

ناوبراو لە بارەی ئەگەری شەڕی ئیسرائیل و سووریه جەختی کردەوە، کە ئێمە لە دزەکردنی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا نیگەرانین و دژی ڕێژیمی ئێران ڕادەوستین، بەڵام ڕێژیمی ئێران لەسەر هەوڵەکانی خۆی بۆ تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە پێداگره و کاری بۆ دەکات.

لەو پێوەندییەدا، ئیسرائیل بە نیسبەت کاروباری نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و هۆشداری داوە، کە ئەو ڕێژیمە لە هەوڵدایە کە لە ڕێگای سووریەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل چەند هێرشی کردووەتە سەر پایەگا و دامەزراوە نیزامییەکانی سووریە و لەو هێرشانە ژمارەیەک پاسداری ڕێژیمی ئێران کوژراون.

پاش ئەو هێرشەی ئیسرائیل، بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران، جەختیان کردەوە کە وڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل دەدەنەوە.