کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنج هەزار تۆن "شەکر" لە یەکێک لە ئەنبارەکانی ئێراندا دۆزرایەوە

19:08 - 9 بانەمەڕ 2720

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی شەکر لە بازاڕەکانی ئێران، ئەنبارێکی شەکر کە لەلایەن بەرپرسانی سپای پاسدارانەوە شاردرابووەوە، دۆزرایەوە.

٥ هەزار تۆن شەکر کە لە ئەنباری یەکێک لە گاراژەکانی دیزل ئابادی تەورێزدا شاردرابووەوە، لە ئەنجامی ڕووخانی دیوارەکەی ئاشکرا بوو.

ئەم گاراژانە سەر بە ژمارەیەک لە بەرپرسانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات و هێزە ئینتزامییەکانە.

شاردنەوەی ئەم ٥ هەزار تۆن شەکرە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بە مەبەستی گرانکردنی نرخی شەکر لە بازاڕەکاندا بووە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دوو ڕۆژ پێش، ڕێکەوتی ٧ی بانەمەڕ، ڕایانگەیاندبوو که پشکی شەکری مانگی ڕەشەمە سووتاوە و شەکر بە نرخێکی نوێ دەخرێتە نێو بازاڕەکانەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی بانەمەڕ، نرخی هەر کیلۆ شەکر لە ئێران گەیشتە ٦ هەزار و ٥٠٠ تمەن.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران پێشتر ١٠٠ هەزار تۆن شەکریان بە دۆلاری ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەنی هاوردە کردبوو کە دەبا بە نرخی ٤ هەزار و ٥٠ تمەن لە بازاڕەکاندا دابەش کرابا.

وێڕای ئەوەیکە گرانی و قەیرانەکان لەڕادەبەدەر باڵیان بەسەر ئێراندا کێشاوە، بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتیی بەهاناچوونی خەڵکەوە، زیاتر هەلی گەندەڵی و دزییان ڕەخساندووە.