" فەرشاد مۆمنی" یەکێک لە ئابووریناسان لە ئێراندا وتوویەتی پێوەری چارەڕەشی خەڵک لە ئێراندا گەیشتووەتە ٧٠ لەسەد و دەسەڵاتدارەکان دەیانهەوێ ئەو ڕەوتە هەتا کوێ درێژە پێ بدەن.
ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم وتوویەتی دامەزراوە چاوەدێرییەکان چاوپۆشی لە گەندەڵییەکان دەکەن.
هاوینی ئەمساڵ لە دوای چوونە سەرەوەی نرخی بێکاری و هەڵاوسان لە ئێران، پێوەری چارەڕەشی گەیشتە ٤٥ لەسەد کە ئەمەش بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو دوو بەرابەر زیاتر بووە.
ئەو ئامارانە دەریدەخات کە بارودۆخی خەڵکی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و چارەڕەشی، بێ دەرەتانی، هەژاری، بێکاری و هەڵاوسان تەنگی پێیان هەڵچنیوە.
بەپێی پێوەری جیهانیی چارەڕەشی، ڤێنێزۆئێلا بە ڕێژەی ٤/٧٩ـ پلەی یەکەم، ئێران بە ڕێژەی ٦/٦١ـ پلەی دووەم و سێربستان بە ڕێژەی ٨/٤٤ـ پلەی سێیەم لە ڕیزبەندیی ئەو پێوەرەدایە.
بەپێی ئەو پێوەرە هەر کام لە وڵاتانی ژاپۆن، قەتەر، ئاڵمان و ئامریکا لە ڕیزبەندی باشترین وڵاتانی جیهاندان کە هەڵاوسانی ئابوورییان زۆر کەمە و بێکاری لە نزمترین ئاستی خۆیدایە.
وڵاتگەلێک وەک فەلەستین، تورکیە و پاکستان سەرەڕای بوونی شەڕ و نائارامی و گەمارۆی ئابووری لەسەر وڵاتەکەیان، پێوەری چارەڕەشییان لە ئاستێکی باشدایە.
پێوەری چارەڕەشی بەپێی کۆی نرخی هەڵاوسان و نرخی بێکاری دیاری دەکرێت.