
لە دوای چوونە سەرەوەی نرخی بێکاری و هەڵاوسان لە ئێران، پێوەری چارەڕەشی گەیشتە ٤٥ لەسەد کە ئەمەش بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو دوو بەرابەر زیاتر بووە.
بە وتەی بەرپرسانی ڕێژیم، لە دوای هەڵاوسان و چوونەسەرەوەی نرخی بێکاری، ڕێژەی خۆشبژێوی بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و لە هەمان کاتدا پێوەری چارەڕەشی دوو هێندە بووە.
بەهاری ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێژەی چارەڕەشی ٢٠.٣ لەسەد بووە و بەپێی دوایین ئامارەکانی ڕێژیم پێوەری چارەڕەشی لە زستانی ساڵی پێش، ٤٥ لەسەد بووە.
ئەو ئامارانە دەریدەخات کە بارودۆخی خەڵکی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و چارەڕەشی، بێ دەرەتانی، هەژاری، بێکاری و هەڵاوسان تەنگی پێیان هەڵچنیوە.
لە ماوەی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا، سیاسەتی برسیکردن و هەژارکردنی خەڵکیان گرتووە پێش و بەتاڵانبردن و ڕووتاندنەوەی خەڵکی هەژاری ئێران، گوزەرانی خەڵکیان بە شێوەیەکی کارەساتبار تاڵ کردووە.
ئێران لە بواری سامانە سروشتییەکان، کانزا، شوێنی گەشتیاری و مێژووییەوە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ناوچەکە و جیهانە، بەڵام ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سیستەمێکی گەندەڵکارە و خەڵکی ئێران لە خراپترین دۆخدان و ئێران یەکێک لە خەمۆکترین وڵاتانی جیهانە.