کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێوەری چارەڕەشی لە ئێران زۆرترین ڕێژەی لە یەک دەیەی ڕابردوودا هەیە

16:38 - 31 خاکەلێوه 2721

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە لە کۆتایی ساڵی ٩٩دا نرخی هەڵاوسان ٣٦.٤ لەسەد و نرخی بێکاری ٩.٧ لەسەد بووە و کۆی ئەو دوو ئامارە ڕێژەی پێوەری چارەڕەشیی گەیاندووەتە ٤٦.١ لەسەد و هەر بەو هۆیەوە پێوەری چارەڕەشی لە بەرزترین ئاستی خۆی لە دەیەی ٩٠دا بووە.

لە حاڵێکدا ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو، پێوەری چارەڕەشی (کۆی نرخی بێکاری و هەڵاوسان) لە کۆتایی ساڵی ٩٨دا، ٤٥.٤ لەسەد بووە.

لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا کەمترین پێوەری چارەڕەشی لە ئێران بە ڕێژەی ١٩.٣ لەسەد لە ساڵی ١٣٩٥دا تۆمار کراوە، بە جۆرێک کە نرخی هەڵاوسان ٦.٩ لەسەد و نرخی بیکاری ١٢.٤ لەسەد بووە.

بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵەکانی ٩٧ و ٩٨دا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

دەوڵەت لەگەڵ کەمیی بودجە بەرەوڕوو بووەتەوە، ئەنجامی ئەو دابەزینەی گەشەی ئابوورییەش لە سێ ساڵی داهاتوودا لێکەوتەکەی دەرکەوتووە و نرخی هەڵاوسانی لە ٩.٦ لەسەد و ٨.٢ لەسەد بە ڕیز گەیشتووەتە ٢٦.٩ لەسەد و ٣٤.٨ لەسەد.

هەروەها ئەو ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە تاک ڕەقەمی بوونی نرخی هەڵاوسان لە ساڵی ڕابردوودا هۆکاری ئەوەیە کە ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە بەشە ئابوورییەکاندا کەمتر بووەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە پێوەری چارەڕەشی لە ئێراندا ڕێکۆردی لێ داوە بەڵام ئامارەکانی فەرمیی ناوەندی ئامار کەمبوونەوەی پرۆسەی "زەریبی جینی" لە ساڵی ٩٨دا پیشان دەدات.