پێوەندییە نێونەتەوەییەكانی حیزبی دێموكرات لە پێوەندی لەگەڵ ڕەشبگیریی لاوان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی ڕابردوودا نامەیەکی سەرئاوەڵای ڕوو لە دەسەڵاتبەدەستانی وڵاتانی ئورووپایی بڵاو کردەوە.
لەم نامەیەدا وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی خراپی مافەکانی مرۆڤ لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و زەبروزەنگی ڕێژیم بو سەر جیابیران و چالاكانی سیاسی و مەدەنی، باسی ڕەشبگیریی لاوان لە چەند حەوتووی ڕابردوودا كراوە.
هەروەها لە نامەكدا هاتووە ئێمە وەک حیزبی دێموكرات بە جیددی نیگەرانی چارەنووسی ئەو لاوانەین و بەپێی ئەو ئەزموونەی لەگەڵ ڕێژیم هەمانە، دڵنیاین ئەم گیراوانە لە گرتووخانەدا ڕووبەڕووی ئەشكەنجە و گوشاری زۆر دەبنەوە.
لە نامەكەی پێوەندییە نێونەتەوەییەكانی حیزبی دێموكرات بو وەزارەتی دەرەرەوە، ئەندام پارلمان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە چەندین وڵاتی ڕۆژئاوایی، داوا كراوە لەمەڕ ئەم دۆخە کە ڕێژیم لە كوردستاندا خولقاندوویەتی بێدەنگ نەبن و بە هەر جورێک بۆیان دەگونجێت هەڵوێست بگرن.
وێڕای ئەم نامەیە لیستەی نێوی هەموو ئەو گیراوانەش ڕادەستی دەزگا پێوەندیدارەكان كراوە.