کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەتای کۆرۆنا ئێرانی تەنیوە و ٢٥ پارێزگا لە دۆخی سووردان

13:00 - 6 گەلاوێژ 2720

تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران قەیرانێکی مەترسیداری دروست کردووە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئاماری قوربانییان و تووشبووان بەم نەخۆشییە لە بەرزبوونەوەدایە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران تەنیا هۆشداری دەدەن و هەنگاوێکی جیددی بۆ کۆنترۆڵی ئەم دۆخە هەڵناگرن.

''کیانووش جەهانپوور'' بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان و زانیاری گەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت دۆخی کۆرۆنا لە ئێران باسی لەوە کردووە کە ٢٥ پارێزگای ئێران لە دۆخی سووردان.

بەپێی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی قوربانییانی نەخۆشیی کۆرۆنا گەیشتووەتە نزیک ١٦ هەزار کەس و نزیکەی ٢٩٤ هەزار کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوون.

هۆشداریی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، دەبێ ڕێوڕەسمە ماتەمێنییەکانی مانگی "موحەڕەم" لەوپەڕی شکۆ و گەورەییدا بەڕێوە بچێت.

"حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران پێداگریی کردووە کە دەبێ ماتەمێنیی "تاسووعا و عاشوورا" لە هەموو ئەو شوێنانەی کە لە دۆخی سوور یان زەرددان، بەڕێوە بچێت.

تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا گەورەترین مەترسیی بۆ سەر تەندروستی و ژیانی خەڵک دروست کردووە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە جێگای ئەوەی کە کۆنترۆڵی ئەم دۆخە بکەن، هەلی زیاتر دەڕەخسێنن کە ئەم پەتایە زیاتر تەشەنە بستێنێت.