کوردستان میدیا

شەممه 18ی گەلاوێژ 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەتای کۆرۆنا و کۆماری ئیسلامی

17:04 - 3 خاکەلێوه 2720

لوقمان مێهفەر

کۆماری ئیسلامی بڕوای بە بنەماکانی یاسایه یان ئەخلاق؟ لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی نە بڕوای بە بنەماکانی یاسایی هەیە نە لە بوونی فەلسەفەی ئەم ڕێژیمەدا ئەخلاق مانای ڕاستەقینەی هەیە بۆ ئەوەی‌ لە‌ مانا و چەمکی بنەماکانی یاسا و ئەخلاق تێبگەین پێویستە جیاوازییەکانی نێوانیان شی بکەینەوە؛ بۆ ئەوەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و ڕای گشتیی دنیا بزانێت کۆماری ئیسلامی چۆن بنەماکانی یاسا ژێر پێ دەنێت و ئەخلاقیش بە لاڕێدا دەبات. لەنێوان حقوق و ئەخلاق جیاوازییەکی سەرەکی هەیە، چوارچێوەی دەسەڵات و بیرکردنەوەی ئەخلاق ویژدانی تاکەکەسییە. لە حاڵێکدا ڕێسا و یاساکانی حقوق خاوەنی تایبەتمەندیی گشتییە. دیارە بەپێی سروشت وێکچوونێک لە نێوان حقوق و ئەخلاقدا خۆ دەنوێنێت، ئەخلاق سەرچاوەیەکە دەوڵەمەند‌ بە پاشەکەوتێک ‌کە هەرگیز تەواو نابێت. کەچی لەو پاشکەوتەوە‌ خۆی دابین ‌دەکات و هەر لەو سەرچاوەیەش ئێلهام وەردەگرێت. لەو پێوەندییە نیزیک‌ و هەستیارەی کە لە نێوانیاندا هەیە، جار جار دژایەتی لە بەینیان خۆ ‌دەنوێنیێت، بۆ نموونە بنەمایەکی یاسایی هەیە کە دەبێ لەسەر پرسێکی تایبەت بەڕێوە بچێت، ‌بەڵام‌ لەوانەیە  کۆمەڵگا یان تاکە کەس ‌نەتوانێت بەڕێوەبەری وەک پرسی بەرگریکردن لە تەشنەساندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.‌ ئەوە ئەرکی حکوومەتە کە دەبێ جێبەجێی بکات و لێ بەرپرسیارە یان وەک کەسانی نیزامی کە دەستووریان پێ دەدرێت بڕیارێک بەڕێوەبەرێت بەڵام بەڕێوەبردنی پیچەوانەی بیر و باوەڕ، ئایین و بۆچوون و بیرکردنەوەی فەلسەفەی ئەو بێت. لەلایەکی دیکەوە ئەرکە لەسەر شانی‌ کە دەبێ جێبەجێی بکات.

پرسیار ئەوەیە لێرەدا، ئایا بنەمای یاسایی دەبێ تەسلیمی بنەمای ئەخلاقی بێت یان ڕێگای پێچەوانە بگرێتە پێش.

لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسییەوە‌ وەڵامی ئەو پرسیارە ڕوونە کە هیچ گومانی تێدا نییە. دەبێ بنەمای یاسایی بەڕێوە بچێت. چونکە بیر و باوەڕ، ئیرادەی تاکەکەسی (شەخسی) بە لانی زۆرەوە کەمایەتییەکە لە کۆمەڵگادا. تا ئەو کاتەی کە ئیرادەی کۆمەڵ لە دژی ئەو یاسا و ڕێسایانە دژکردەوەی لە خۆی نیشان نەداوە، ئەم بنەمایە پێڕەو دەکرێت، کەوابوو بیر و باوەڕ و ئیرادەی تاکەکەسی و کەمایەتی دەبێ پابەندی ئەو ئەسڵە یاساییە بن.

ئەمڕۆ دەبینین پەتای کۆرۆنا بووەتە مەترسییەکی گەورە لە جیهاندا و هەڕەشە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەکات. دنیای بە خۆوە سەرقاڵ کردووە، هەر کام لە وڵاتانی پێشکەوتوو خەریکی کۆنترۆڵ و دۆزینەوەی واکسەنی ئەم ڤایرۆسەن وڵاتانی دیکە بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت  تەدابیری تەندورستی دەگرنە بەر بۆ ئەوەی پێشگیری  لە بڵاوبوونەوەی زیاتر و خەساراتی کەمتری گیانی بگرن کەچی لە دوای وڵاتی چین وڵاتی ئێران ماکەی سەرهەڵدانی ئەم پەتایە بوو، کۆماری ئیسلامی نە ڕێوشوێنە یاسا تەندورستییەکانی نەگرتە پێش، نە ئەخلاقی ڕەچاو کرد. کەمایەتییەکی بچووک لە کۆمەڵدا بە ئێدئولۆژیکی دواکەوتووانەی چەقبەستووی ڕاهێنراو بەوپەڕی ڕووهەڵماڵاوییەوە بنەما یاساییەکان ژێر پی دەنێن. لەو بارودۆخە هەستیارەدا لەجیاتیی خۆپاراستن لە شوێنە قەرەباڵغەکان و ڕەچاوکردنی ڕێنوێنی تەندروستیی و دابینکردنی کەلوپەل و دیارکردنی شوێنی تایبەت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان. پێچەوانەی هەموو ڕاکارە زانستییەکانی پزشکی سنوورەکان ئاوەڵا، زیارتگاکان کراوە بە وتەی هەندێک لە ئاخوند و بەرپرسەکانی ڕێژیم ئەوەی خوا نەیکات نابێت. ئەوەش کە بە کۆرۆنا دەمرێت شەهیدە!؟

لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە ڕاستە ئەوەی خوا نەیکات نابێت، بەڵام هەر ئەو ئایینە پێمان دەڵێت، ئەوە ئاگرە لێ دوور بکەوە دەتسووتێنێت کە لێی‌ دەچیە پێش و دەتسووتێنێت، شەهید نە بەڵکوو بە هیلاک چووی. کەوابوو سەردەمی ئەمڕۆ ئێ چەندین سەدە بەر لە ئێستا نییە. ئەمڕۆ سەردەمی زانست و تەکنۆلۆژی و پێشکەوتنە. دوورەپەرێزی لە دنیای ئەمڕۆی دواکەوتنە لە زانستی سەردەم و گەشەسەندنی کۆمەڵگا.

لێرەدا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران مافی خۆیانە سەرانی کۆماری ئیسلامی بە موحاکمە بکێشن چونکە لە ئاکامی بێ موبالاتی و بایەخنەدان بە گیان مرۆڤەکان ئەمڕۆ زیاتر لە ١٩٦٠٠ کەس تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوونە کە ١٤٣٣ کەس تا ئێستا گیانیان لەدەست داوە، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ئاماری تەەشبووان و گیانلەدەستدراوان دەچێتە سەری فەرمانبەرانی دامودەزگاکان و بنکە دەرمانی و تەندورستییەکان لەوپەڕی بێ ئیمکاناتیدان کۆمەڵگای ئێران لەبەردەم مەترسیی لەنێوچوونێکی گشتیدایە. ڕەوایە کە دادگایەکی گەلی سەرانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامی دادگایی بکات و حوکمەکەی دادپەروەرانەیان لەسەر بدات.

 کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی ئێران تێبکۆشن بۆ گۆڕێنی ئەو نەریتە دواکەوتووانەی کە بنەمای زانستی و یاساییان نییە. چۆنکە زۆر جار نەریتێک وەک یاسایەک لەلایەن کەمایەتییەکی بچووکەوە لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنرێت کە لەگەڵ قازانج و بەرژەوەندیی گشتی لە ناتەباییدایە. بۆیە زۆر جار سەرهەڵدانی لێدەکەوێتەوە‌.

دیارە هەر نەرێتیک (عرف) تازە کە دێتە ئاراوە، لە ئاکامی خەلاقییەت، داهێنان و لێزانی و بەرهەمی تاکەکەسێکی کۆمەڵگایە کە لەنێو ئەو ‌کۆمەڵگایەدا ژیاوە و دەبێتە خاوەنی داهێنانێکی نوێ کە لەنێو کۆمەڵدا دەنگ دەداتەوە. سەرکەوتنی ئەو نەریتە و تێکشکانی بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی زمانی و مەکانی  بەڕێوە بردن و باسکردنی لەنێو کۆمەڵدا، ئەگەر ئەو نەریتە لەگەڵ سەردەم و پێشکەوتن بێت. بێگومان لە ڕاستای بەرژەوەندیی گشتیدایە. بە تێپەڕبوونی زەمان قازی و دادگاکان وەک بنەمایەکی یاسایی بۆ بەرەوپێشبردن و گەشەکردنی کۆمەڵگە کەڵکی لێوەردەگرن کە پێشکەوتنی بەخۆوە بینی وەک بنەمایەکی یاسایی پێڕەو دەکرێت. بەڵام ئەگەر لەگەڵ دنیای ئەمڕۆ یەک نەگرێتەوە لەگەڵ دژایەتیی بیروڕای گشتی بەرەوڕوو دەبێت و بە ناکامی دەمێنێتەوە. زەبروزەنگ و دەسەڵاتی خۆسەپێن و ئیدئۆلۆژیی چەقبەستوو ناتوانێت بەرەو پێشی بەرێت و دواجار لەگەڵ شکست و داڕمان بەرەوڕوو دەبێت.