کوردستان میدیا: کتێبی ژیان و مەرگی دوکتور "قاسملوو"، بە ناوی "خەونی کوردستان"، لە واشنتۆن پەردەی لەسەر لادرا.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی پووشپه‌ڕ، کتێبی ژیان و مه‌رگی ڕێبه‌ری كورد، "دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو"، له‌ژێر ناوی "خه‌ونی كورستان"، پەردەی لەسەر لادرا.
ئەو کتێبە له ٥٤٠ لاپه‌ڕه و له قه‌باره‌یه‌كی مامناوه‌ندیدا و به زمانی ئینگلیزی، خراوەتە بازاڕەوه، كه نووسەری ئەو کتێبە، "کارۆل پرۆنهۆبێر"، ڕۆژنامه‌وان و نووسه‌ری "ڤێنێزۆئێلا"یی و دۆستی نزیكی شه‌هید دوکتور قاسملوو، باس له ژیان و به‌سه‌رهاتی ئەو ڕێبەرەی گەلی کورد و خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات به ڕێبه‌ریی حیزبی دێموكرات ده‌كات.
سه‌ره‌تا له ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی، نووسه‌ر، کتێبێکی له‌سه‌ر به‌شێک له ژیانی سیاسی و به‌سه‌رهاتی دوکتور قاسملوو به زمانی "سپانیۆلی" نووسیوه و له "کاراکاس" چاپی کردووه، پاشان ساڵی دواتر نووسه‌ر بۆ خۆی ئه‌و کتێبه‌ی کردووه به "ئینگلیزی" و له ٣٠ی دێسامبری ٢٠٠٩، له ئامریکا چاپ و بڵاو كرایه‌وه كه دواتر كتێبه‌كه كراوه‌ته كوردی و له ژووئیه‌ی ٢٠٠٩دا، له هه‌ولێر چاپ كراوه و پاشان بە چەند زمانی دیکە وەرگێڕانی بۆ کراوە.
"کارۆل پرۆنهۆبێر" پێی وایه كه وه‌رگێڕانی په‌رتووكه‌كه‌ی بۆ سه‌ر زمانی كوردی و زاراوەی سۆرانی، ده‌سكاری كراوه و له‌گه‌ڵ ده‌قی سه‌ره‌كی، كه ئینگلیزییه، یه‌ك ناگرێته‌وه. هه‌ر بۆیه وه‌كوو ڕێزگرتن له خه‌باتی دوکتور قاسملوو، هه‌روه‌ها پاراستی ئه‌مانه‌ت و نه‌شێواندنی مێژوو، سه‌رله‌نوێ ئه‌و كتێبه‌ی پاش پێداچوونه‌وه‌ی ورد و ده‌ستخستنی زانیاریی نوێ سەبارەت بە تێرۆری دوکتور قاسملوو، چاپ و بڵاو كرده‌وه.
ڕۆژی یه‌كشه‌ممه، ٢٣ی پووشپەڕ، "کارۆل پرۆنهۆبێر"، له چوارچێوه‌ی كۆڕیادی شه‌هیدانی ڤییه‌ندا له واشنتۆن، وێڕای پێشكه‌شكردنی وتارێكی گرینگ، کە له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی خه‌باتی دوکتور قاسملوو بۆ ناساندنی دۆزی کورد پێشكه‌شی كرد وتی: "ئاشنابوونم له‌گه‌ڵ دۆزی كورد ده‌گەڕێته‌وه بۆ ئاشنابوونم له‌گه‌ڵ فیلمسازی به‌ناوبانگی كورد "یه‌ڵماز گونای"، له فێستیڤاڵی فیلمی "كه‌ن"، كه وه‌ك ژۆرناڵیستێك تێیدا به‌شدار ببووم. له‌سه‌ر داوای "یه‌ڵماز گونای"، زیاتر هه‌وڵم دا خۆم له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت تێكه‌ڵ بكه‌م و پتر له‌سه‌ر زێدی خۆم و ئامریكای لاتین لێكۆڵینه‌وه بكه‌م و شوێن پرسه سیاسییه‌كان بكه‌وم".
ناوبراو هەروەها وتیشێ: "له ڕێگای یه‌ڵماز گونایهوه، له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه سیاسیه‌كانی تری كورد وه‌ك "كهنداڵ نه‌زان" ئاشنا بووم كه، ئه‌ویش منی به "دوكتور قاسملوو" ناساند. ئاشنا بوونم له‌گه‌ڵ دوكتور قاسملوو تایبه‌ت بوو، چونكه دوكتور قاسملوو به‌هۆی شاره‌زابوونی به زمانگەلی جیاواز، قسه‌كردن له‌گه‌ڵی ئاسان بوو، كه هه‌ر له ڕێگای ئه‌ویشه‌وه سه‌فه‌ری كوردستان‌م كرد و پتر له‌گه‌ڵ خه‌باتی كورد بۆ ئازادی ئاشنا بووم".
دواتر "كارۆل" باسی له‌وه كرد كه كتێبەكه ئاكامی پەیوه‌ندیی قوڵ و دۆستانه له‌گه‌ڵ دوكتور قاسملوو و هه‌روه‌ها تێكه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه، به‌ڵام له هه‌مووی گرینگتر "داوای شه‌خسی دوكتور قاسملوو بوو، كه داوای كردبوو پاش مه‌رگی بۆ ناساندنی دۆزی كورد كتێبێك له‌سه‌ر ژیانی بنووسرێته‌وه."
له بڕگه‌ی كۆتایی سیمینارەكه‌دا، نووسه‌ر په‌رتووكه‌كه‌ی بۆ ده‌یان كه‌س له ئه‌ویندارانی شه‌هید قاسملوو واژۆ كرد.