ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خاکەلێوە لە ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی کۆیە پەردەی لەسەر کتێبی "دیداری قاسملوو لە گێڕانەوەی زارەکیدا" لە نووسین و ئامادەکردنی دوکتور "هۆشمەند عەلی" لادرا.
لەم کۆڕەدا چەندین نووسەر، کەسایەتیی سیاسی، ئاکادیمی و ڕێکخراوەیی تێیدا بەشدار بوون.
دوکتور "هۆشمەند عەلی" بە کورتی لەسەر گرینگی و بایەخی زانستی و مێژوویی ئەو بەرهەمەی بۆ بەشداران قسەی کرد.
ناوبراو لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی دوکتور قاسملوو بۆ ڕێکخستنی ئەو کۆمەڵە دیمانەیە وتی: "ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی مێژووی ژیان و تێکۆشانی سیاسیی د. قاسملوو لە چوارچێوەی گێڕانەوەی زارەکیدا.
ناوبراو وتی: "هۆکاری نووسینی ئەو بەرهەمە ئەوە بووە کە لە مێژووی نزیکی جووڵانەوەی کورددا د. قاسملوو ڕۆڵ و کاریگەریی شوێندانەر و ڕچەشکێنی بووە لە خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراوەیی و سیاسی و ڕێبەریکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات".
"بۆ نووسینی ئەو کتێبە لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسیی کورد و بیانی وەک: "کریس کۆچێرا، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، ڕەوانشاد جەلیل گادانی، سەلاحەدین موهتەدی، هێلێن قاسملوو، مستەفا هیجری، د. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ" و چەند کەسایەتییەکی دیکە وتووێژ کرا.
لە بەشی کۆتایی کۆڕەکەشا بەشداران ڕا و سەرنج و پرسیاری خۆیان خستە ڕوو کە دوکتور هۆشمەند وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
دوکتور "هۆشمەند عەلی مەحموود" بڕوانامەی دكتۆرای هەیە و لە بەشی مێژوودا پسپۆرە. بە تایبەتی لەسەر مێژووی نوێ وهاوچەرخ چالاکی دەکات.