کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەروانەی سەلەحشووری، خامنەیی و سپای بە هۆکاری هەموو کێشەکان زانی

00:59 - 16 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری تاران، لە دانیشتنێکی ئاشکرای مەجلیسدا، ئێرانی بە زەریایەک لە کێشە و قەیران ناو بردووە و ڕێبەری ڕێژیم و سپای پاسداران بە هۆکاری هەموو ئەو قەیران و کێشانە زانیوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، پەروانە سەلەحشووری نوێنەری تاران، لە مەجلیسی ڕێژیم، بێدەنگی و دەمامکی درۆینەی بەرپرسانی ڕێژیمی شکاند و پەردەی لەسەر کۆی کێشە و قەیرانەکان لادا.

ناوبراو ڕایگەیاندووە: "لە بواری ئابوورییەوە، ئەمڕۆ پارەی ئێران یەکێک لە بێبایەخترین پارەکان لە دونیایە و گرانی، دزی و گەندەڵی هاوار دەکات"، هەروەها ڕایگەیاندووە، کە لە بواری کۆمەڵایەتیشدا، ڕۆژانە شایەتی بێکاری، هەژاری، لەشفرۆشی، نەبوونی ئازادی و بەندکردن و ئێعدامی هاووڵاتییانی ئێرانین.

سەلحشووری باسی لەوە کردوووە، کە هیچ توێژێک ئەمڕۆ لە دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران پارێزراو نین.

ناوبراو ڕوو لە ڕۆحانی وتوویەتی: "لە حاڵێکدا کە بە هۆی دەستێوەردانەکانی سپا لە هەموو کاروبارەکاندا، جەنابی حەسەن ڕۆحانی باس لەوە دەکات، کە هیچ کێشەیەکمان نییە!، کەس نییە پێی بڵێت جەنابی سەرکۆماری بەڕێز، ئێستا ئێران لەگەڵ بەهێزترین قەیرانەکان بەرەوڕوویە".

لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا سەلەحشووری باسی لەوە کردووە: "ئەگەرچی دەمەوێ لە ناکارامەیی و گەندەڵی دەزگای قەزایی، ئۆرگانە نیزامی و نیوەنیزامییەکانی ڕێژیم، هەژاری، گرانی، دزی و گەندەڵیی بەرپرسانی حکوومەتی و ... هتد قسە بکەم، بەڵام لە ئێراندا ئەوەندە دەسەڵات و حکوومەتی شاراوە هەن، کە کەس نازانێت کێ بەرپرسیارە".

سەلەحشووری لە کۆتاییی قسە ئاگرینەکانی خۆیدا هۆکاری هەموو ئەو کێشانەی بە ئەسڵی ڕێژیم و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی لە هەموو بەشەکان زانیوە و ڕێگای چارەسەری و دەربازبوون لەو قەیرانانەی بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی ڕێژیم، نەمانی چاوەدێری ڕاستەوخۆی ڕێبەر و ئیزندان بە بەڕێوەچوونی گشتپرسیی ئازاد زانیوە. هەروەها پێشنیاری ئەوەی کردووە، کە دامەزراوە سەربازییەکان دەست لە کاروباری سیاسی و ئابووری وەر نەدەن و بۆ پادگانەکانیان بگەڕێنەوە.