کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەگرتنی گرژییەکانی نێوان ئێران و یونان دوای دەسبەسەرداگرتنی نەوتهەڵگرەکان

13:34 - 8 جۆزەردان 2722

دوای ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بەرانبەر دەسبەسەرداگرتنی باری نەوتیی ئێران لەلایەن ئامریکاوە لە ئاوەکانی یونان، دەستی بەسەر دوو نەوتهەڵگری یونانیدا گرت، میدیاکانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی هەڕشەئامێز هۆشدارییان دا کە ١٧ کەشتیی تری یونان لە ئاوەکانی کەنداودان.

کاناڵی ''ئەلعالەم'' سەر بە ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی هەڕشەئامێز وتوویەتی: ''ئەگەر پەیامی دەسبەسەرداگرتنی ئەو دو نەوتکهەڵگرە بۆ بەرپرسانی یونانی ڕوون نییە، دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بن پەیامی ڕوونتریان پێ بگات بە تایبەت ئەوەیکە لە ئێستادا ١٧ کەشتیی یونان لە ئاوەکانی کەنداودان".

ڕۆژی ڕابردووش وەزارەتی دەرەوەی یونان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا و بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ئەو کارەی ئێران دزیی دەریاییە و بەتوندی مەحکوومی دەکەن، هەروەها ڕایشیگەیاندووە کە هێزەکانی سپای پاسداران پاش ئەوەیکە دەستیان بەسەر نەوتهەڵگرەکاندا گرتووە، کارمەندانی نەوتهەڵگرەکانیان داوەتە بەر لێدان و سووکایەتی پێکردن.

یونان بە هۆشداری بەنیسبەت کاریگەریی نەرێنیی ئەو هەوڵە لەسەر پێوەندیی ئەو دوو وڵاتە و پێوەندیی ئیران لەگەڵ ئورووپا، لەسەر ئازادکردنی ئەو کەشتییە و کاربەڕێوەبەرەکانی جەختی کردووەتەوە و داوای لە شارۆمەندانی وڵاتەکەی کردووە کە لە سەفەرکردن بۆ ئێران خۆیان ببوێرن.

وەزارەتی دەرەوەی یونان هەروەها بە بانگهێشتکردنی باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە یونان سەبارەت بەو هەوڵەی سپای پاسداران نیگەرانیی دەربڕیوە.