![](/content/upload/1/news/49881_w920.jpg)
بەرپرسی ستادی ئەرتشی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە ئەرتشی ئیسرائیل لە ڕێگای جیاوازەوە هەوڵ دەدات دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکاتەوە.
''ئایو کوخاوی'' بەرپرسی ستادی ئەرتشی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی خەرمانان وتی کە ئەرتشی ئیسرائیل بە گرینگی دان بە پێشکەوتنەکانی ئەم داویانەی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، ڕێوشوێنی عەمەلیاتیی خۆی بۆ ڕوبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو بەرنامەیەی ڕێژیم خێرایی پێ دەدات.
ناوبراو هەروەها وتووێژەکانی نیوان وڵاتانی زلهێزی جیهان و ڕێژیمی ئێران بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی بەرجامی بە مەترسیدار وەسف کرد.
هەر لەو ڕاستایەدا ''نێفتالی بێنت'' سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانێکدا بۆ ئامریکا جەختی کردووەتەوە کە ئیسرائیل هێرشە نهێنییەکانی خۆی دژی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران درێژە پێ دەدات و بەنیسبەت وتووێژەکانی نێوان ئامریکا و ئێران دژایەتی دەکات.
ناوبراو وتوویەتی کە لە سەفەر بۆ ئامریکا، ستراتێژیی نوێ بۆ بەرەنگاری لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بە کۆشکی سپی پێشنیار دەکات.
لەلایەکی دیکەوە ''عەلی ئەکبەر ویلایەتی'' سەرەڕای هۆشداری دان لەبارەی هەر چەشنە هەوڵێکی ئیسرائیل دژی کەشتیەکانی گواستنەوەی سوتمەنی کە بەرەو لوبنان دەڕۆن، هەڕەشەی کردووە کە بەزاندنی ئەو هێڵە سوورە کاردانەوەی بێوێنەی ئێرانی بە دواوە دەبێت.