کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەسندکرانی گەڵاڵەی قورسترکردنی گەمارۆکان بەدژی رێژیمی ئێران

14:17 - 11 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: سەرەڕای هەوڵەکانی ئۆباما بۆ پێشگرتن لە پەسندکرانی گەمارۆی نوێی دژی رێژیمی ئێران، کۆمیتەی بانکیی سێنای ئامریکا گەڵاڵەی قورسترکردنی گەمارۆکانی لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتنی دانوستانە ناوکییەکان، پەسند کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆمیتەی بانکیی سێنای ئامریکا بە ١٨ دەنگی ئەرێنی گەڵاڵەی قورسترکردنی گەمارۆکان دژی رێژیمی ئێرانی لە ئەگەری بە ئاکام نەگەیشتنی دانوستانە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی پەسند کرد.

هەواڵدەریی رۆیتێرز لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە چاوەڕوان ناکرێت ئەو گەڵاڵەیە هەتا رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ساڵی داهاتوو بۆ پەسندکرانی یەکجاری بدرێتە سێنای ئامریکا.

سێناتۆرەکانی کۆنگرەی ئامریکا لەوانە ١٠سێناتۆری دێموکرات وەک رابێرت مێنێندێز کە یەکێک لە دارێژەرانی ئەو گەڵاڵەیەیە، رایگەیاندووە کە ئەو گەڵاڵەیە بۆ دەرفەتی زیاتر بە دیپلۆماسی رێژیمی ئێران بۆ ماوەی دوو مانگ رادەگیرێت.

ئەو کارەی سێناتۆرەکانی کۆنگرەی ئامریکا لە حاڵێکدایە کە ئۆباما لە ماوەی چەند حەوتووی داهاتوودا بە راشکاوی رایگەیاندبوو کە ئەگەر گەڵاڵەیەکی بەم چەشنە لە کۆنگرەدا پەسند بکرێت؛ ڤێتۆی دەکات.

لەو پەیوەندییەدا مێنێدێز رایگەیاندووە: ئەو گەڵاڵەیە بە وردبینییەکی زۆر داڕێژراوە هەتا ئێمە بە ئامانجی کۆتایی بگەیەنێت؛ ئەوەش شتێک نییە جیا لە پێشگرتنی رێژیمی ئێران بە دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی.

هەندێک لە وڵاتانی زلهێزی جیهان نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە بەرنامەی ناوکی ئێران دەبڕیوە و لەو باوەڕەدان کە رێژیمی ئێران بۆ دروستکردنی چەکوچۆڵی ئەتۆمی کەڵکی لێوەردەگرێت.

دانوستانەکانی گرووپی ١+٥ لەگەڵ رێژیمی ئێران چەند رۆژ پێش ئێستا لە ئێستامبووڵی تورکیە بێ هیچ ئاکامێک کۆتایی پێهات و رێژیمی ئێران بە کڕینی کات لە هەوڵی ئەوە دایە کە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات کە ئەوەش نیگەرانی وڵاتانی دراوسێ و شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی لێکەوتووەتەوە.

پێداگری رێژیمی ئێران لەسەر بەرنامەی ناوکی لە حاڵێکدایە کە ئەو وڵاتە لە بواری ئابووری لە دژوارترین حاڵەتی خۆی دایە و بە وتەی بەرپرسانی رێژیم لەسەدا ٧٠ی کارگە بەرهەمهێنەر و کارخانەکان لە ئێراندا داخراون و لە نوێترین ئاماردا کە رێژیم بڵاوی کردووەتەوە لە سەدا ١٠ حەشیمەتی ئێران لەژێ هێڵی هەژاریدا دەژین.

لەو پەیوەندییەدا بانکی جیهانی رۆژی سێشەممەی حەتووی رابردوو لە راپۆرتێکدا لەژێر ناوی دورەدیمەنی ئابووری جیهان ی بڵاوی کردووەتەوە کە دورەدیمەنی ئابووریی ئێران ناڕوونە و سەبارەت بە ئابووری ئەو وڵاتە گەشبین نییە.
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە سەبارەت بە ئێران بڵاوی کردووەتەوە سەرەتا ئابووری ئێران لەگەڵ دوو کێشەی سەرەکی بەرەوڕوویە کە یەکێکیان گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانە کە بەربەستێکی گەورەیە بۆ پەرەسەندنی ئابووریی ئەو وڵاتە و پاشان گرێدراوی ئابووری ئەو وڵاتە بە نەوتە کە لەو بارودۆخەی ئێستادا کە نرخی نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە هیچ سوودێکی بۆ ئێران نییە.
بەپێی ئەو راپۆرتە ئێران بۆ هاوسەنگیی بوودجە پێویستە هەر بەرمیلێکی نەوت بە سەرووی ١٣٠ دولار بفرۆشێت لە حاڵێکدا هەنووکە هەر بەرمیل نەوتی خاو ٤٥ دولارە.

گادەر. د