کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامیی پیرۆزبایی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ۲٥ی گەلاوێژ

12:15 - 25 گەلاوێژ 2721

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ۲٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

۷٦ ساڵ پێش ئێستا و لە وەها ڕۆژێکدا حیزبێک بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، سێ ساڵ پاش پێکهاتنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، لەسەر بنەماکانی ڕێکخستنی ئەم کۆمەڵەیە دامەزرا. حیزبێک کە هەوێنی بەردەوامبوونی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و هەروەها سەرمەشقی خەباتی کورد لە هەر چوار پارچەی نیشتمان لە فۆرم و بێچمی حیزبایەتییە، لە حاڵێکدا ناوچەکە بە دەستی نەریت و سونەتە دواکەوتووانەکانەوە دەیناڵاند.

گرنگیی ئەم حیزبە لەوەدایە کە لەنێو دڵیدا یەکەم قەوارەی پێشکەوتووی سیاسیی کورد لە چوارچێوەی کۆماردا سەری هەڵ دا، کۆمارێک کە هەتا ئێستەش نموونەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بواری ڕەچاوکردنی پرەنسیپە مرۆیی و دێموکراتیکەکاندا کەمە و بووەتە کۆڵەکەیەکی پتەو بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی و نەتەوەییمان.

حیزبی دێموکرات گەلێک هەوراز و نشێوی بڕیوە، بەڵام لە مێژووی خۆیدا چەندین بڕگەی زێڕینی تۆمار کردووە و لە هیچ کام لەم بڕگانەدا تووشی هەڵەیەک نەبووە کە بە قازانجی داگیرکەرانی کوردستان بشکێتەوە و هەمیشە لە ڕێگای بەرژەوەندیی نەتەوەی کورددا نرخی داوە.

کاکڵە و جەوهەری خەباتی حیزبی دێموکرات پرسی نەتەوەیی، دێموکراسی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتییە کە وەکوو سێکوچکەی ستراتیژی و هزری ئەم حیزبە هیچ کات گۆڕانیان بەسەردا نەهاتووە، بۆیە پاش ۷٦ ساڵ قوربانیدان هێشتا لە خەبات بەردەوامە و سەرەکیترین حیزب لە بزاڤی نەتەوەیی کورد لە قەڵەم دەدرێت.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، ئەم ڕۆژە مێژوویی و پیرۆزە لە سەرجەم نەتەوەی کورد و لە نیشتمانەکەمان پیرۆزبایی دەکات و بەرزی دەنرخێنێت.

سەرکەوێت بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد!

ئاوەدان بێت نیشتمان لە پێناو دێموکراسی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی!

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

۲٥ی گەلاوێژی ۲۷۲۱ی کوردی