کوردستان میدیا: قارەمانانی دێموکرات بۆ بۆنەی سیهەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە ناردنی پەیام پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکرات دووپات کردەوە.
دەقی پەیامەکە:
بە ناوی خاکی پیرۆزی کوردستان
بە ناوی ئاڵای سەربەرزی کوردستان
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان
٢٢ی پووشپەڕ ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی پێغەمبەری ئاشتی کاک دوکتور قاسملووی هەرگیز نەمر و کاک عەبدوڵڵای قادری ئازەر ، ڕۆژێکی میژووییە کە نەتەوەی کورد لە بیری ناکات، چۆنکە تێرۆریستانی چەپەڵ و هار نە تەنیا ڕێبەری حیزبی دێموکرات بەڵکوو کەسایەتی زۆر قەدرگرانی کوردستان و جیهانیان شەهید کرد و جێگای خاڵیی ئەم کەسایەیتییە هیچ کات پڕ نابێتەوە. بەڵام ڕێبوارانی ڕێگای قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی فێر کراون کۆڵ نەدەن هەتا سەرکەوتن ،چونکە ئێمە قوتابیی مەکتەبی قازی و قاسملووین و بە باشی ئامۆژگارییەکانی ئەوانمان لە گوێ گرتووە .
ئێمە خەڵکی ژاوەرۆی هەمیشە دیمۆکرات (ئەوێهەنگ، هوویە و سەرهوویە، ساڵیان و نجێ ، نییەر و مێراو، تەنگیسەر و شیان و بێساران) لە مەکۆی قارەمانان و مرۆڤە دڵ پاکەکان، شەهیدە سەربەرزەکان ناسر و مەنسووری ڕەشە هەورامی، حیسام ئەسعەدی، عەبدوڵڵا بەهرامی و هەڵۆ تێژفڕەکانی کۆساڵان، سەرکەوت و کاوەی باڵابەرز ، شۆڕش و شاخەوان و مام ئەکبەری نییەر ، کاک ڕۆحوڵڵا و مەهدی تەوریوەری و هەزاران پڵینگی چنگ ئاگرینی دیکەی وڵاتمان بە خۆێنی ڕژاوی شەهیدانمان سوێند دەخۆین هەتا دواین دڵۆپی خۆێنمان و دوایین هەناسەمان ڕێگای شەهیدانمان ون نەکەین و لەگەڵ ڕێبازی کاک دوکتور، پێغەمبەری ئاشتی پەیمان نوێ دەکەینەوە و هەتا ئازادیی کوردستان ناسرەوین .
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد