کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزبی ڕزگاریی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ

12:06 - 26 گەلاوێژ 2720

حیزبی ڕزگاریی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکی پیرۆزباییدا، گرینگی و بایەخی تایبەتیان بە پەیوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکرات دا.

دەقی پەیامە بەم چەشنەیە:

بەڕێز کاک "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێزان ئەندامانی دستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سڵاوی ڕزگاری و سەربەخۆبوونتان لێ بێت

بەبۆنەی ٢٥ی گەڵاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ناوی خۆم و لە جیاتی هەڤاڵام لە سەرکردایەتیی حیزبی ڕزگاریی کوردستان، گەرەمتەرین پیرۆزباییتان لێدەکەم و لە ڕێی ئێوەی بەڕێزیشەوە سڵاو و پیرۆزبایی لە تێکڕای کادر و ئەندامانی حیزبە خەباتگێڕەکەتان دەکەم و دەخوازم کە هەمیشە سەرفراز و سەرکەوتوو بن.

بەڕێزان! لە کەس شاراوە نییە کە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک یەکەمین ڕێکخراوی سیاسیی کوردستانی چەمک و ناسنامەیەکی نوێی بە نەتەوەی کورد و خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان بەخشی کە هەتا ئەمڕۆکەش کاریگەریی خۆی لەسەر ڕووداوەکان دەنەخشێنێت و ڕاستیی سیاسەتەکانی سەر ڕاست دەکاتەوە. ئەوەتا دوای تێپەڕبوونی ٧٥ ساڵ هێشتا ڕۆڵی پێشەنگایەتی لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵات دەگێڕێت. ئەمەش هەم شانازییەکی گەورەی میژووییە، هەمیش دروستیی ئامانجەکانی وەبیر دەهێنێتەوە.

ئێمە لە حیزبی ڕزگاریی کوردستان، گرینگی و بایەخی تایبەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ حیزبە خەباتگێڕەکەتان دەدەین.

لە کۆتاییدا بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سڵاو و پیرۆزبایی خۆمان دووپات دەکەینەوە.

ڕێکار ئەحمەد

سکرتێری گشتی

حیزبی ڕزگاریی کوردستان

١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٠