غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتیی نەتەوەیى دێموکراتى کوردستان YNDK، سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک لوقمان مێهفەر، ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی ناوبراو کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
براى بەڕێزمان کاک مستەفا هيجرى لێپرسراوی گشتیی حیزبى دێموکراتی کوردستانى ئێران
بەڕێزان ئەندامانى ناوەندى سياسیی حیزبى دێموکراتی کوردستانى ئێران
خانەوادەى خوالێخۆشبوو کاک لوقمان مێهفەر
سڵاوێکی برایانەی گەرم ...
بە خەم و پەژارەیەکى زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەرى ناسراوى کوردستان کاک لوقمان مێهفەر، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبى دێموکراتی کوردستانى ئێرانمان پێگەیشت، کاک لوقمان مێهفەر سەرکردەیەکى دڵسۆز و بە ئەزموونى خەباتى کوردایەتى بوو، تەواوى تەمەنی خۆی بۆ خەبات و تێکۆشان و خزمەتکردنی گەلی کوردستان تەرخان کردبوو، لەدەستدانى کاک لوقمان زیانێکى گەورەیە بۆ تەواوى بزاڤى ڕزگاریخوازیی نیشتمانیى کوردستان، بە ناوی خۆمان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی سەرکردایەتی و ئەندامانی یەکێتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان YNDK پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەى جەنابتان و خوشک و برایانمان لە حیزبى دێموکراتی کوردستانى ئێران و خانەوادەى سەربەرزى خوالێخۆشبوو و تەواوى خزمانى دەکەین و خۆمان بە هاوبەشى خەمتان دەزانین و ئومێد دەکەین ئەوە دواخەم و ناخۆشیتان بێت و لە یەزدانی مەزن دەپاڕێینەوە دڵنەوایی و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت و خوالێخۆشبوویش بخاتە بەر ڕەحمەت و دلۆڤانیی خۆی.
براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتیی نەتەوەیى دێموکراتى کوردستان YNDK
10 / 4 / 2021