کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سەرەخۆشیی پێشمەرگەكانی شار لە جوانڕۆ سەبارەت بە كۆچی دوایی شەھید لوقمان مێھفەر

12:11 - 22 خاکەلێوه 2721

پێشمەرگەکانی شار لە جوانڕۆ سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک "لوقمان مێهفەر" ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشییان بۆ حیزبی دێموکرات نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بە ناوی لابەری خەم و کەسەر

کاتێک کەسێک کۆچی دوایی دەکات، سەرەخۆشی تەنیا لە بنەماڵەی دەکرێت،

 بەڵام کاتێک کەسایەتییەک کۆچی دوایی دەکات، سەرەخۆشی لە گەلەکەی دەکرێت.

خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان بەگشتی و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری دەشتەبێڵی شنۆ و خەڵكی شنۆی ئازیەتبار!

 بە داخ و کەسەرەوە هەواڵی دڵتەزێن و دڵهەژێنی شەهیدبوونی مامۆستای شۆڕش، مامۆستای بەرخۆدان، مامۆستای حەماسە و مامۆستای بەرەنگاری، هاوڕێمان شەهید کاک "لوقمان مێهفەر"، لە ناخ و کانگای دڵەوە تووشی کەسەر و ماتەمێکی بێسنووری کردین.

کاک "لوقمان مێهفەر" بەڕاستی هێما و هەوێنی پێکەوەژیان و تەبایی و سۆز و ئاشتی و تا کاتی مەرگ خولیای ئازادی بوو و سەلماندی کە مرۆڤی چاک و پاک و دڵساف و دڵگەورە و شۆڕشگێڕ لە دوای کۆچ و ڕۆیشتنی هەر هەتایی و هەرمان دەمێنێتەوە و قەت قەت لەبیر و یادەکان ناچێت.

 بە کۆچی هاوڕێ "لوقمان" کوردستان تووشی کەسەر و ماتەمێکی قورس هات و لە ناخەوە بەم هەواڵە دڵتەزێنە بارێکی ئێجگار قورس نیشتە سەر شانی.

لە کانگای دڵەوە سەرەخۆشی  لە گەلە ئەمەگناس و دڵسۆز و دڵسووتاوەکەمان دەکەین و سپاس و پێزانینێکی بێسنوور ئاراستەی هەڵویستی کوردانەیان دەکەین وهەرچەند کە بەڕاستی هیچ وشە و پێنووسێک ناتوانێت وڵامدەری هەستی هاوخەمیی ئێوەی بەڕێز بێت.

تەنیا ئەوە دەڵێین کە سپاس لە هەبوونی کوردانەتان.

ڕێبواری ڕێگای شەهیدانین

پێشمەرگەکانی شار لە جوانڕۆ