کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سەرەخۆشیی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد قازی

18:31 - 20 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەد قازی پرسەنامەیەکی بڵاو کردەوە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی ئەحمەد قازی ،ئەدیبان، نووسەران و رۆژنامەنووسان کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی لەدەستدانی ئەحمەد قازی نووسەر و رووناکبیری گەورەی کورد، پرسەنامەیەکی بڵاو کردەوە و لەم رێگەیەوە سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی نەتەوەی کورد و کۆمەڵگای فەرهەنگی و رووناکبیری کورد و بنەماڵەی ئەو نووسەرە بە ناوبانگە کرد.

دەقی پرسەنامەکە بەم چەشنەیە:

مامۆستایانی ماف‌ویست
بنەماڵەی فەرهەنگی قازی
بەداخەوە بەرە بەیانی ١٧ی جوزەردان كاك ئەحمەدی قازی مامۆستای قوتابخانەكانی مەهاباد و بۆكان، نووسەر و كەسایەتیی نیشتیمانپەروەر لە یەكیك لە نەخۆشخانەكانی تاران كۆچی دوایی كرد.

كاك ئەحمەدی قازی ساڵانێكی زۆر وەك مامۆستا و مودیری قوتابخانە لە شارەكانی ئورمیە، مەهاباد و بۆكان خزمەتی پێگەیاندنی قوتابییانی كوردی كردووە. كاك ئەحمەد قازی لە پەنای وانە وتنەوە خزمەتی بە زمان و وێژەی كوردی كردووە و لەگەڵ مامۆستا هێمن، گۆڤاری سروەیان دامەزراند و بە سەدان نووسەر و شاعێر و رووناكبیریان لە كوردستان پێگەیاند.

هەر بۆیە لەدەستدانی ئەو رووناكبیرە بە توانایە، كەلێنێكی گەورەی لە خزمەت بە ئەدەبیاتی كوردی بەجێ دەهێڵێت و خەسارەتێكی گەورە بۆ نەتەوەی كورد.

یەكیەتیی پیشەیی مامۆستایانی كوردستانی ئێران، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی گەوری كاك ئەجمەد قازی و سەرجەم خزم و كەسوكاری دەكات.