بەشێک لە مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆکانی شارەکانی سەردەشت، پیرانشار، نەغەدە و شنۆ، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هەندێک ڕووداوی مێژوویی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی هەر نەتەوەیەکدا بوونیان هەیە کە وەکوو هێمای بەرخۆدان و پاراستنی دەستکەوتەکانی نەتەوەیی دێنە ئەژمار، بێگومان ڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوای گەلی کورد وەک یەکەم سەرۆک کۆماری دەوڵەتێکی دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینی لێوڕێژ لە کێشە و تەنگەژەی قووڵ، زۆر ڕاستیمان لە هەمبەر بیری کراوەی پێشەوا و حیزبە پێشەنگەکەی لەلایەک و دڵڕەقی و بیری پاشڤەخوازانەی دوژمنانی ئازادیش لەلایەکی تر بۆ دەردەخات. ئەگەر چاوێک بە کارنامەی ١١ مانگەی دەسەڵاتی پێشەوا و هەوڵەکانی بۆ سڕینەوەی دوژمنایەتیی نەتەوەیی لە ڕێگەی بیری دێموکراتیکەوە لەگەڵ دەرودراوسێکان بخشێنن، بۆمان دەردەکەوێت کە ڕێژیمی ئازادیکوژی ''پەهلەوی''، چ گەنجینە و خەزێنەیەکی پڕقیمەتی نەتەنیا لە گەلی کورد بەڵکوو لە گشت ئازادیخوازانی ئێران و ناوچەکە ستاند.
ئەوەی جێگەی دڵخوشی و هیوابەخشییە ئەوەیە کە ٧٣ ساڵ دوای شەهیدکرانی پێشەوا، ڕۆڵە بەئەمەگەکانی هەر ئێستا لە بەرزترین چیاکانی کوردستاندا بە ئاڵای بیر و کرداری پێشەواوە خەبات دەکەن و بڕیاریشیان داوە تا وەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکانی پێشەوا هیچکات لە خەبات نەوەستن.
سڵاو لە شەهیدانی سەرکردە قازی، قاسملوو، شەرەفکەندی و هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل.
سڵاو لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، میراتگری بەئەمەگی پێشەوا و گشت شەهیدان.
مردن و نەمان بۆ دوژمنانی ئازادی
بڕووخێت کۆمای دژەئازادیی ئاخوندی