"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی خۆی، وێڕای ئەوەیکە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گیان لەدستداوەکان کرد داواشی کرد کە بە هانای خەڵکی ئەو ناوچەیە بڕۆن.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی چەند ڕۆژ لەمەوپێش لەم بەر و ئەوبەری سنووری تورکیە ـ ئێران جارێکی دیکە بەیانی و ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەشەمە کەوتنەوە بەر بوومەلەرزەیەکی دیکە و لە ئاکامدا لەو زستانە سارد و پڕ لە بەفرەدا بە هەزاران ماڵ و شوێنی ژیانیان وێران و زیاتر لە ١٠٠ کەسیان بریندار بوون و لە بەشی تورکیەش ٩ کەسیان گیانیان لەدەست دا.
ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە برینێکی قووڵە لە جەستەی کوردستانی بریندار و بوو بەهۆی خەم و پەژارەی هەمووان.
ئێستا ئەو بنەماڵە لێقەوماوانە چاوەڕوانن هەموو چەشنە یارمەتییەکیان لە هاونیشتمانیان پێ بگات؛ بۆ ئەوەی لەم وەرزە سارد و سەرمایەدا تووشی لێقەومانی زیاتر نەبن، چوونکە گومانی تێدا نییە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هیچ یارمەتییەکیان پێ ناگات.
ئێمەش لەم ڕووداوە بەداخین، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گیان لە دەستداوەکان دەکەین و هیوادارین بریندارەکان زووتر چاک ببنەوە.
لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
مستەفا هیجری
٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی