کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان بەبۆنەی یەکی مانگی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکار

11:46 - 10 بانەمەڕ 2722

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی یەکی مانگی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکار پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی بەڕێز!

کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان!

سەرەتا لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزبایی خۆمان لە هەموو کرێکارانی کوردستان، ئێران و جیهان دەکەین، وەدەستهێنانی ئامانجەکانیان بەئاوات دەخوازین و خۆمان بە پشتیوانی مافە ڕەواکانیان دەزانین.

یەکی مانگی مەی ئەمساڵ ١٦٦ ساڵ بەسەر داواکاری و خۆپیشاندانی کرێکارانی وڵاتی ئوسترالیادا تێدەپەڕێت، لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا کرێکاران لە سەرانسەری جیهان بە دوای دەستەبەرکردنی مافەکانیانن کە بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان لە بەشێک لە وڵاتان بە بەشێک لە مافەکانیان گەیشتوون و لە زۆر وڵاتیشدا هەر لەژێر نێوی چەوسانەوە و ناعەداڵەتیدان. یەکی مانگی مەی لە زۆر لە وڵاتانی جیهان پشووی ڕەسمییە و لەلایەن کرێکاران و حیزب و ڕێکخراوەکانی پشتیوان و بەرگریکاری مافی کرێکارانەوە خۆپیشاندان وەڕێ دەخرێت و لە هەوڵی دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاراندان. هەشت کاتژمێر کار لە ڕۆژێکدا، زیادکردنی هەقدەست و پاراستنی ئەمنییەتی کاریی کرێکاران ئەو دروشم و داواکارییانەن کە هەموو ساڵێک بە گوێی دەسەڵاتداران و خاوەنکاراندا دەدرێن.

لەم ماوە دوورودرێژەدا کە کرێکارانی جیهان داوای مافە ڕەواکانیان دەکەن لە زۆر لە وڵاتان بەشێکی مافەکانیان دەستەبەر کراوە و لایەنە پیوەندیدارەکان ڕێز لە ڕەنج و زەحمەتی کرێکاران دەگرن و پشتیوانیی خۆیان بۆ مافەکانیان دووپات دەکەنەوە، بەڵام تا ئێستاش وەک پێویست مافەکانیان دابین نەکراون.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەگەڵ ئەوەی کە بەپێی یاسا ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی کرێکار دانی پێدا نراوە، بەڵام پشووی ڕەسمی ڕاناگەیەندرێت و لەلایەن حکوومەتەوە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە کرێکاران ڕێک ‌ناخرێت. لە ئێران نەک هەر مافەکانی کرێکاران پێشێل دەکرێن بەڵکوو ساڵانە ڕادەی بێکاری دەچێتە سەر، کرێکاران لەسەر داواکردنی ماف و ویستە ڕەواکانیان دەخرێنە بەندیخانە و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن. بەهۆی سیاسەتە هەڵە و ناپەسەندەکانی کۆماری ئیسلامی و تەریککەوتنەوەی لە دنیای دەرەوە و سەپاندنی گەمارۆکان بەسەر ئەم وڵاتەدا ڕۆژ بە ڕۆژ بە ژمارەی بێکارانەوە زیاد دەبێت و وێڕای بێکاری و بێکارکردنی کرێکاران، چوونە سەرەوەی نرخی خواردەمەنی و کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیان بووەتە یەکێکی ‌تر لە نەهامەتییەکانی کرێکاران.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی کە دوو حکوومەتی پاشایەتی و ئیسلامی گرینگییان بەو ناوچەیە نەداوە، ئەم ناوچەیە هەردەم بە چاوی ئەمنییەتییەوە سەیر کراوە و بە جێگەی کارگە و کارخانە و پێشخستنی ئابووریی ئەو ناوچەیە، پادگان و مۆڵگەی هێزە سەرکوتکەرەکانیان لی دامەزراندووە. هەر بۆیەشە خەڵک بە ناچاری بۆ کار و کاسبی ڕوو لە شارەکانی دیکەی ئێران و وڵاتانی دراوسێ دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بژێویی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن. ئەوەی کە ساڵانێکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاردەی کۆڵبەری سەری هەڵداوە نیشانەی ئەوپەڕی ناچاری و نائومێدییە لە ژیان و پەیداکردنی کار لەژێر سایەی حکوومەتێکی دیکتاتۆر کە مافی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی زەوت کردووە.

لە ئێران نابەرابەری و ناعەداڵەتی بە شێوەیەک پەرەی سەندووە کە خەڵک بەگشتی و کرێکاران بە تایبەتی ژیانێکی تاڵ و دژوار تێپەر دەکەن. بێکاری و گەندەڵی گەیشتووەتە جێگەیەک کە ئیتر هیوایەک بۆ باشبوونی ئەم بارودۆخە نالەبارە نەماوە و تەنیا ڕێگەی نەجات لە دەست ئەم هەموو ناعەداڵەتی و نەهامەتییە هاتنە مەیدانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران، خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی و ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆنەپەرست و دژی گەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. لەم ‌ڕۆژەدا گەلانی ئێران بە گشتی پێویستە پشتیوانی لە ویست و داخوازییەکانی کرێکاران بکەن و بە هاتنە سەر شەقام بێزاری و ناڕەزایەتیی خۆیان لەم حکوومەتە و لەم دۆخە نالەبارە دەرببڕن و چیتر ئەم هەموو زوڵم و زۆر و نەعەدالەتییە قبووڵ نەکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کە پێکهاتوو لە چەند حیزبی شۆڕشگێڕی مەیدانی خەباتە و دەیان ساڵە لە پێناو دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک، وەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی و لابردنی ستەمی چینایەتی خەبات دەکات، هەردەم پشتیوانی مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان بوون و لەم ڕێگەیەدا ئەوەی لە توانایاندا ‌بێت درێغی ناکەن و لە هەوڵی دامەزراندانی سیستمێک‌دان کە مافی هەمووان پارێزراو بێت و چەوسانەوە و نابەرابەری کۆتایی پێ‌ بێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٠ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی

٣٠ی ئاپریلی ٢٠٢٢ی زایینی