یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٣٣هەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور ''قاسملوو'' و هاوڕێیانی پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی دوکتور قاسملوو!
ڕوانگەی شەهید دوکتور قاسملوو لە خەباتدا بنەماکەی لەسەر هەرچەشنە هەڵاواردن و پەڕاوێزخستنێکدا دامەزراوە، دوکتور قاسملوو شۆڕشی لەگەڵ دێموکراسی، مافی دیاریکردنی چارەنووسی لەگەڵ پێکەوەژیانی نەتەوەکان و مافی تاکەکەسی لەگەڵ کۆمەڵگایەکی سۆسیالیزم گرێ داوەتەوە.
شەهیدی نەمر لەسەر ئەوەی که خەبات دەبێت لەسەر بنەمای کەرامەتی مرۆڤ دامەزرێ پێداگر بوو و هەر بۆیەش خەباتی نەتەوەی_دێموکراتیکی کوردستان نەک بەرانبەر بە خەڵک و بەشداربووان لە خەباتدا خۆی بەدەروەست دەزانێت، بەڵکوو بەرانبەر بە دوژمنەکەشی هەمیشە هەڵسوکەوتی لەسەر بنەمایی مافی مرۆڤ بووە! لە ڕاستییدا خەباتێک کە دوکتور قاسملوو لە ڕووی فکرییەوە بنەماکەی دانا هەم خەبات بۆ ڕزگاربوون لە دەست هەر چەشنە هەڵاواردنێک بوو و هەم خەبات بۆ دامەزرانی دەسەڵاتێکی کوردستانی، که بەختەوەریی مرۆڤی کورد دەستبەر بکات! کەوایە بیری قاسملوو نەخشە ڕێگایەکە بۆ ئێستا و داهاتووی نیشتمانمان.
هەروەک خۆی فەرموویەتی، ئێمە لە ڕۆژی شەهیدبوونی شەهیدەکانماندا ناگرین، بەڵکوو جارێکیتر بڕیار دەدەین ڕێبواری ڕێگای ئەوان بین!
لە ٣٣ ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوودا بەڵێن دەدەین که لە سەنگەری جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتدا هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو جوڵانەوەیە خۆڕاگر و بەردەوام بین.
بەڵێن دەدەین که بیری مرۆڤدۆستی، پێكەوەژیان، باوەڕ بە ئازادی و دێموکراسی و پێداگریی لەسەر مافی نەتەوەییمان گەشە پێ بدەین.
بەڵێن دەدەین نیشتماندۆست و پارێزەری خاکی نیشتمان بین.
بەڵێن دەدەین که باوەڕمان به مافی ژنان بێت و دژی هەرچەشنە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی و نەتەوەیی بین.
بەڵێن دەدەین وەکوو چۆن شەهیدی سەرکردە، زانستی خستە پێناو نیشتمان و خەباتەوە، ئێمەش خۆ پەروەردەکردن بە ئەرکێکی نیشتمانی بزانین و زانستمان لە خزمەت نیشتمان و خەباتی نەتەوەیی_دێمۆکراتیکی کوردستاندا بێت.
بەڵێن دەدەین بیری هاوکاری و پێکەوەهەڵکردن لەگەڵ هاوسەنگەرەکانمان و ڕۆحی ڕێز و وەفا بەرانبەر بە زەحمەت و ماندووبوونی ئەوان گەشەدارتر بکەین.
بەڵێن دەدین باوەڕمان به مافی ژینگە هەبێت و پاراستنی ژینگەی کوردستان وەکوو بەشێک لە مافی نەتەوەی کورد و مافی مرۆڤ لەبەر چاو بگرین.
بەڵێن دەدەین بەرامبەر به شۆڕشگێڕانی هاوسەنگەرمان بەئەمەک بین و لە خۆبردوویی و شۆڕشگێڕی ئێستا و ڕابردووی نەتەوەکەمان بۆ نەوەکانی داهاتوو بگێڕێنەوە.
و بەڵێن دەدەین که بیری دوکتور قاسملوو چرای ڕێگای ئێستا و داهاتوومان بێت.
سەرکەوێت خەباتی نەتەوەیی_ دێمۆکراتیکی کوردستان
بڕووخێت ڕێژیمی تێرۆریست و تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی
یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی