کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی بنەماڵەی شەهیدان لە شارەکانی نۆدشە، نەوسوود، پاوە و گوندەکانی ناوچەی هەورامان

11:55 - 26 خاکەلێوه 2721

بۆ کۆچی دوایی کاک "لوقمان مێهفەر" بنەماڵەی شەهیدان لە شارەکانی نۆدشە، نەوسوود، پاوە و گوندەکانی ناوچەی هەورامان پەیامی هاوخەمییان بۆ حیزبی دێموکرات نارد.

 دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی وەفاداری بە ڕێبازی شەهیدان

بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێز، بنەماڵەی قارەمانی "مێهفەر"

سڵاو و سەرەخۆشی

بە هەواڵی کۆچی دوایی کاک "لوقمان" پارێزەری نیشتمان، لە سەنگەری حەماسە و تێکۆشانی ئێوەدا، بنەماڵەی شەهیدان لە شارەکانی نۆدشە، نەوسوود، پاوە و گوندەکانی ناوچەی هەورامان، زامەکانیان کولاوە و خەم و ماتەمێکی قووڵ دایگرتن و پەرە پەرەی ژیان و حەماسەت و قارمانەتی شەهیدانمان هاتەوە بیر و پڕ بووینەوە لە غرووری شانازی ڕۆڵەکانمان.

ئازیزان:

 وەک چۆن بە شەهیدبوونی هەر یەک لە کوڕانی حەماسەخولقێنمان لە داوێنەکانی شاهۆ، کۆساڵان، کەلـلەقەندی، گەزەن، سۆنی، سەرکۆ، دەربەن، داڵانی، شرام و ئاوەزنێ، نەڕووخاین و نائومیدیمان بەزاند و ئەژنۆمان شل نەکرد، ئاواش بە شەهیدبوونی مامە "لوقمانــ"ـــی پێشمەرگە و کوڕی حەماسەی کێلەشین و پیرانان و وانەبێژی ڕاسانمان، نەک هەر نائومید نابین و ناشڕووخێین، بەڵکو بە ورە و باوەڕێکی پتەوتر لە جاران، هیوادار بە دواڕۆژی ئازادی و سەربەستی دەبین و وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازیان دەبین.

لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە گەلی فیداکارمان و ئێوەی قارەمان دەکەین و دەڵێین دڵمان بە ئێوە خۆشە.

هەزاران هەزار سڵاو بۆ ڕووحی پاکی شەهید لوقمان و سەرجەم شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل

بەشێک لە بنەماڵەی شەهیدان

ناوچەی هەورامان

خاکەلێوەی ١٤٠٠