کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە بۆنەی ڕووداوی دڵتەزێنی مەریوان

13:19 - 5 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، لە شارەکانی شنۆ و ورمێ، چالاکانی ژینگەپارێزیی کوردستان، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە بۆنەی گیان لەدەستدانی ٤ شەهیدی ژینگەپارێزی کوردستان، پەیامی هاوخەمیان ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە و سەری ڕێزیان بۆ گەورەیی ئەو ٤ شەهیدەی کوردستان دانەواند.

نییەر

مەریوان شاری دوانزەسواره و شاری مەنسوور فەتاحی و سدیق فیرووزی و هەزاران ڕۆڵەی بەئەمەگ و ماندووینەناس و تێکوشەر؛  جارێکیتر وەک هەمیشه بۆ به سەنگەری لەخۆبردوویی؛ بەڵێ ئەمجارەش زرێوار بوو به میوانداری تێکوشەرێکی تر که به بەخشینی گیانی جۆش و خرۆش و تین و گۆڕی دا بە دار و بەردی نێشتمان. جارێک تر چلچەمه و سورێن و کۆڕی میانه و کۆری مریەم و شاهۆ کڕنوشیان برد بۆ لەخۆبردوویی و گیان فیدایی شەریف و شەریف ناوەکان؛ بەڕاستی جارێکی تر کورد سەلماندی که لاوەکانی بۆ پاراستی کوردستان و سروشتی کوردستان له هیچ شتێک سڵ ناکەن و گیانان وەک سەرەکیترین سەرمایەی ژیان لە پێناویدا بەخت دەکەن.

 لێره جێگای خۆیەتی هەزاران سڵاو بنێرین بۆ گیان پاکی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی که بوون به مامۆستای لەخۆبردوویی و به بەخشینی گیانی پاکیان دەرسی ئازایەتی و ئەمەگناسیان به دنیا و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا، له لایەن خەڵکی نییەر، مەکۆی دێموکراتەوه پڕ بەدڵ پرسه و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خەڵکی مەریوان و کوردستان بەگشتی  و بنەماڵەی شەهیدانی تازەمان له مەریوان (شەهیدانی سروشت) دەکەین و سەری ڕێز و حورمەت دادەنوێنین بۆ گەورەیی و له خۆبردوویی و ئازایەتی شەهید شەریف و هاوڕێیانی.

 له لایه ن خەڵکی نییەر مەکۆی لەگیراننەهاتووی دێموکرات

چالاکانی ژینگەپارێزی و خەساربەرکەوتووانی سەرپێڵ

سەرەخۆشی، وشەیەکە هیچ کات لە زمانی خەڵکی ئەو نیشتمانە دوور ناکەوێتەوە

ئەوە بێعەداڵەتییە ئەگەر نەڵێین خەڵکێکی زۆر لە سەرپێڵی‌زەهاو  لە کاتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشاندا قەرزداری تێکۆشانەکانی کاک شەریف باجوەرن.

پیاوێک کە لە یەکەم شەوی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان یارمەتی خەڵکی دا و بە هەموو هێزەوە یارمەتی خەڵکی دەدا. بەڵام خۆشەویستیی ئەو پیاوە تەنیا بۆ تاکەکانی نەبوو بەڵکوو خۆشەویستی بە ژینگەکەشی بوو.

ساڵەهای ساڵە کە سروشتی مەریوان ژینگە و هەناسەکانی خۆی قەرزداری ئەو پیاوە و ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانە و هەمیشە ئەوان ئاگری دارستانەکانیان کوژاندووەتەوە.

ئەمڕۆ ئاگر، سروشتی پێڵە و سێلسێی مەریوانی لە خۆ گرتبوو ئەو پیاوە گەورانە چوونە شەڕی ئاگر و ٤ کەس به هۆی تەقینەوەی مین گیانیان فیدای مرۆڤایەتی کرد.

لەو نێوەدا کاک شەریف بە مەرگی دڵتەزێنی خۆی نەتەنیا مەریوان، بەڵکوو هەموو زاگرۆسی لە خەمی خۆیدا ماتەمبار کرد.

لە لایەن چالاکانی ژینگەپارێزی و خەساربەرکەوتووانی سەرپێڵ

ورمێ و شنۆ

سڵاوێک بە سەرسەوزیی کوردستان و گەرمیی دڵیی تێکۆشان

سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدان

دیسان خەبەر هات کە ژینگە دەسووتێنن، دیسان خەبەر هات کە دەبێ هەستین ژینگە بپارێزین، هەتا نەوەکانمان بحەسێنینەوە، دیسان خەبەری تۆپبارانی کێوەکانی مەریوان بە دەستی سپای تێروریستی پاسدارانەوە هات.

ئیمە وەکوو ئەندام و لاوانی دزەی مەرگەوەڕ و شنۆ ئاگادار بووینەوە، کە دیسان چوار چەپکەگوڵی سوورمان لە نێو ئاگری چیاکانی مەریواندا سووتان و شەهید بوون.

ئێمە هەر وەکوو هەموو جاران، ئەو کارەی ڕێژیمی داگیرکەر مەحکووم دەکەین، نەک وەکوو لاوێکی دزەی مەرگەوەڕ بەڵکوو وەکوو لاوێکی کورد و کوردستانی .

ئیمە دەبێ هەموو خەڵکی ئەم کوردستانە هاودەنگ لە بەرانبەر ئەو جەنایەتەی ڕێژیم ڕاوەستین .

ئیمە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەم چوار تێکوشەرە بەشەرەفە دەکەین و خۆمان بە هاوخامی خەڵکی کوردستان و بنەماڵەیان دەزانین.

بژی لاوانی تێکۆشەر و مافخواز

 بژی کورد و کوردستان

ئەندام و لاوانی حدکا دزەی مەرگەوەڕ و شنۆ