کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵات، بەبۆنەی لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند

16:55 - 30 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: ناوەندی رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵات، بە بۆنەی لەسێدارەدانی شەهید مەنسوور ئاروەند پەیامێکیان بڵاو کردەوە و ئەم پەیامە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە نیسبەت لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند لە بەردەم پارکی شانەدەر خوێندرایەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز!
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان!
كۆڕ‌وكۆمەڵەكانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ!

بەداخ ‌و كەسەرەوە جارێكی دیكە رۆڵەیەكی دیكەی كورد ‌و چالاكێكی سیاسی كورد بە تاوانی هەوڵدان بۆ دابین بوونی مافی مرۆڤ ‌و تێكۆشان لە پێناو گەیشتنی كورد بە ماف ‌و ئازادییەكانی، داری بێدادی ‌و ستەمكاری بۆ چەقا ‌و تەنافی مەرگی بە ملدا كرا ‌و گیانی لێ ئەستێندرا.

شەهیدی ئەمجارەی نەتەوەكەمان كاك مەنسوور ئاروەند چالاكی سیاسی ‌و خاوەن ژن و منداڵ خەڵكی شاری مەهاباد كە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە پێناو بیروباوەڕیدا لەلایەن دەزگا سەركوتكەرەكانی كۆماری ئیسلامییەوە گیرا و زیندانی كرا ‌و پاش ئەشكەنجەی جەستەیی ‌و رۆحی دواجار بە لەسێدارەدان مەحکووم کرا و رۆژی یەك شەممە رێكەوتی ٢٤ی جۆزەردان ١٣٩٤ی لە زیندانی میاندواو ئێعدام كرا و چووە ریزی كراوانی شەهیدانی نەتەوەكەمانەوە.

كاك مەنسوور ئاروەند نە یەكەم شەهیدە و بەداخەوە نە ئاخر شەهیدیش دەبێ ‌و رۆژبەرۆژ كاروانی شەهیدانمان درێژتر دەبێتەوە، بەڵام خەباتمان سەرەڕای ئەو خوێن‌دانە ‌و خوێن رژانەش تا گەیشتن بە ئازادی ‌و مافی نەتەوایەتی هەر درێژەی دەبێ.

ئەشكەنجە ‌و ئێعدام ئاوێتەی نێوەڕۆكی كۆماری ئێسلامیی ئێران بووە، لەلایەن ئەو رێژیمەوە گیانی مرۆڤەكان كەمترین نرخی نییە. هەر بۆیەشە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی زۆری ئێعدامەكان بەردەوام لەلایەن كۆڕوكۆمەڵەكانی داكۆكیكاری ماڤی مرۆڤەوە مەحكووم دەكرێ ‌و لەو بارەوە پاش وڵاتی چین پلەی دووهەمی لە مرۆڤ كوژیدا هەیە.

ئێعدامی كاك مەنسوور لەگەڵ هەموو تاڵی ‌و ئازارەكانی، نەك رۆڵەكانی نەتەوەی كورد چاوترسێن ناكا بەڵكوو لەسەر ماف ‌و ئازادیەكان ‌و رێبازە نەتەوەییەكانیان سوورتر ‌و پێداگرتووتر دەكا.

ناوەندی رێكخراوەكانی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان وێڕای دەربڕینی ئەوپەڕی داخ ‌و پەژارەی بۆ لە دەستدانی كاك مەنسووری تێكۆشەر، ئەو كردەوەانە ‌و هەموو جۆرە جینایەتەكانی كۆماری ئێسلامیی ئێران مەحكووم دەكا ‌و لەگەڵ هەموو تاكێكی كورد ‌و بەتایبەتی خەڵكی شاری مەهاباد ‌و بنەماڵە بەڕێزەكەی كاك مەنسوور هاودەردی دەكا ‌و خۆی بە شەریك ‌و بەشداری خەمیان دەزانێت بەتایبەت خێزانی كاك مەنسووری شەهید كە ئێستا جیا لە ئەركی دایكایەتی ئەركی باوكایەتی رۆڵەكەشی كەوتوتە ئەستۆ.

لە هەمان كاتدا داوا لە كۆڕوكۆمەڵانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان دەكەین كە بە گوشارهێنان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران پێش بە رەوتی ئەو ئێعدامانە بگرن ‌و ئەركی ئینسانیی خۆیان بە جێ بێنن.

پێویستە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە ئێعدامەكان دەنگی ئیعترازی خۆیان هەڵبڕن چونكە بێدەنگی لە بەرانبەر ئێعدامی رۆڵەكانی كورد، رێژیمی كۆماری ئێسلامی لە درێژەدان بە رەوتی ئێعدامەكان جدیتر دەكا.

سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدی نوێی نەتەوەکەمان، كاك مەنسوور ئاروەند
نا بۆ ئیعدام
نەمان بۆ كۆماری ئێسلامیی ئێران

ناوەندی رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان
جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی