سێ تێکۆشەری دێرین "محەممەدە ڕەشە، سەید ڕەسووڵ ئەحمەدی و ئیبرایم لاجانی" سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک لوقمان مێهفەر پەیامی هاوخەمییان بۆ حیزبی دێموکرات نارد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەڕێز و تێکۆشەر ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
سڵاوی گەرم و خەباتگێڕانە!
زۆر بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشەر کاک لوقمان مێهفەرمان پێ گەیشت. بەم بۆنەوە سەرەخۆشیی خۆمان لە ڕێبەرایەتیی حیزبە خەباتگێڕەکەمان، ئەندامان و لایەنگران و جەماوری حیزب و بنەماڵەی شەهید کاک لوقمان دەکەین و لەو کۆستە گەورەدا خۆمان بە شەریکی خەمی هەمووتان دەزانین.
کاک لوقمان هەموو تەمەنی خۆی لەو چەند دەیەی دوایی ژیان و خەباتی حیزبی دێموكراتدا، وەقفی خزمەت بە بردنەپێشی ئاوات و ئامانجەکانی حیزب و میللەتەکەمان کرد و لەو ڕێگایەدا لە هیچ فیداکاری و گیانبازییەک نەگەڕایەوە. بڕوای قووڵی کاک لوقمان بە ڕیسالەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها بەردەوامی و ئیدامەکاری لە خەباتدا، ئەویان کردبووە ڕۆڵەیەکی بەوەجی حیزب و خەباتگێڕێکی تەواو عەیار.
سەرەڕای هەموو لێوەشاوەییە سیاسی و تەشکیلاتی و تەخوسوسییەکانی، ئەوە ڕۆحیەی پێشمەرگانە و تەوازوعی شۆڕشگێڕانە و تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵک و بەدەنەی حیزب و ڕایەڵکەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی و حیزبی و تەشکیلاتیی کاک لوقمان بوون کە ئەویان کردبووە سیمایەکی ناسراوی حیزبی و تێکۆشەرێکی بەرجەستەی دێموكرات. ئەو لەگەڵ کاروانی خەباتدا چووە پێش و گەشەی کرد و مایەی بۆ خەبات دانا و هەر بۆیەش لەو کاروانە پڕ لە شانازییەدا جێگای خۆی کردەوە. ئەو شەپۆلی خەم و پەژارەیەی کە بە بڵاوبوونەوەی خەبەری مەرگی کاک لوقمان، کەوتە سەر دونیای مەجازی و واقعی ژینگەی حیزب و بزووتنەوە، نیشانی دا کە تێکۆشەرانی حیزبی ئێمە موڵکی گەل و میللەت و کۆمەڵگای کوردستانن.
ئێمە کە ساڵانێکی زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ کاک لوقمان لەو هەلومەرجە سەخت و دژوارەکانی خەباتی حیزب و سەرپێچە توندەکانی تێکۆشانی حیزبدا لەگەڵ کاک لوقمان ژیاوین و پێوەندییەکی نزیکمان لەو چل ساڵەدا لەگەڵ ناوبراو هەبووە، جێگای ئەو نەک هەر لە کۆڕی خەباتدا، بەڵکوو لەنێو کۆڕی گەرمی دۆستانە و بنەماڵەکانماندا، بە خاڵی دەبینین و هەستی پێ دەکەین. بەو هیوایەی بە سووربوون لەسەر ڕێباز و ئامانجەکانی بتوانین ڕۆحی کاک لوقمان و هەموو شەهیدانی ئەو ڕێبازە پیرۆزە شاد بکەین.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە هاودەردیی خۆمان بەبۆنەی ئەو کارەساتەوە دەردەبڕێن و سەرەخۆشی لە خۆمان و حیزبەکەمان دەکەین.
بەڵێن دەدەین کە تا سەرکەوتنی یەکجاری بە ڕێبازی خەباتی حیزب و گەلەکەمان بڕۆینە پێش و لەو ڕێگایەدا لە وەرگرتنی هیچ مەئموورییەتێكی حیزبی و پێشمەرگانە، نەپرینگێینەوە.
سەرکەوتوو بن.
محەممەدە ڕەشە
سەید ڕەسووڵی ئەحمەدی
ئیبراهیم لاجانی
١٢\٤\٢٠٢١