کوردستان میدیا: مامۆستا حەسەنی شیوەسەڵی لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی نوێی ڕاسان کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەردوام بوونی کۆماری خنکاندن و سێدارە لە سەر ئاکاری بەڕبەڕسفەتانە و قوڵت و شەپۆلی تووڕەیی و ناڕەزایی گەلانی ژێرستەم و ورووژان و ڕاپەڕینی خەڵکی وەزاڵەهاتووی شارە گەورەکانی ئێران لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە هاندەر و داینامیزمی بە تەوژمی حیکمەتی ڕاسان، بوونەتە هۆی ئەوەیکە ماوە بە ماوە پۆلێک پێشمەرگەی دلاوەر و گیان لە سەردەست و فیداکار بڕژێنە نێو جەرگەی خەبات و بەوپەڕی سەخاوەت و کەرامەتەوە عەزیزترین و گەورەترین سەرمایەی ژیانی خۆیان لە پێناوی حەق و حەقیقەت و پساندنی زنجیری ئەسارەتی کوردە چەوساوەکان و میللەتانی دیاری ژێرستەمدا، وەک دیاری لە بەردەم کۆڕ و بارەگای ئینسانە بێ پەناکاندا دایبنێن.
چاوەڕوان نەکراو نییە کە ناپاکی و ناڕاستی و کۆمەڵکوژی و ئاکار و کرداری فرسەتتەڵەبانەی پاسدارانی بەکرێگیراوی خوێنمژ، پێشمەرگەکانی کوردستان بێنێتە سەر ئەو باوەڕەی، مەنتیقی دیفاع که وەک ئەسڵێکی گونجاو و عەقڵانی لە پرۆسەی ڕاساندا بە بڕوای توندەوە پێڕەوی لێدەکرا، خەتی بوتڵانی بە سەردا بکێشن و وازی لێبێنن. لە بەرابەردا دەست وەشاندن و هێرش و پەلامار و عەمەلیاتی ئیجرایی وەک لەبارترین ئاڵتێرناتیڤ بۆ سەر بنکە و مۆڵگەی هێزە بێڕوحمە داگیرکەرەکان بە جەوهەر و ناوەڕۆکی ئەسڵێکی دیکەی شیاودا دیاری بکەن و بەو پەڕی وزە و تواناوە پێڕەوی لێ بکەن.
ڕەنگە جگە لەو ئەسڵە شیاوە ڕێگایەکی موناسبی دیکە لە بەردەم پێشمەرگەکانی کوردستاندا نەمێنێتەوە و بەدیلێکی هاوکێشی دیکە وەگیر نەکەوێ.
ئەوکاتەیە ئۆباڵی کارەسات و ئاڵۆزی و خوێنڕێژی و زیانەکانی هەر دووک لا دەکەوێتە سەر شانی ڕێبەرانی نەزانی کۆماری ئیسلامی و سزاکەشی جاسووسان و بەکرێگیراوان و خائینانی گەل و نیشتمان بە چەند قات وەری دەگرنەوە.
ئەو جارەش، دیسان بە داخ و کوڵ و کەسەرەوە ١٩ لە سەر ٢٠ی گەلاوێژ پۆلێکی دیکە لە شاهینە تیژباڵەکانی نێو ئاسمانی کوردستان واتە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کەوتنە نێو ئاڵقەی گەمارۆی گورگە دڕندە برسییەکانی کەمینگرتووی پاسدارەکان و بەوپەڕی ئازایەتی و جوامێری و فیداکارییەوە ئەو بەڵێنانەی کە بە حیزب و گەلی خۆیان دابوو بە ڕوونترین و شەفافترین شێوەی شەرافەتمەندانە بردیانە سەرێ.
بەم بۆنەوە هاودەردی و هاوخەمی خۆمان بە لێپرسراوی گشتیی و دەستەی کارگێڕی و ناوەندی سیاسی و فەرماندەی گشتی و یەک به یەکی پێرسۆنێلی ئۆرگانەکان و بە هەموو ئەندامان و هەواداران و لایەنگران و دڵسۆزانی حیزب و گەل و بە تایبەت بنەماڵەی سەربەرزیان و هاوسەفەران و خوشک و برایانی هاوسەنگەریان ڕادەگەیەنین.
ڕژانی ئەو خوێنانە هەرچەندە بۆ ئێمە ناسۆری زۆر قورس و گرانن بەڵام ئایەتی ڕوونی بەچۆکدا نەهاتن و ڕەمزی بەردەوام بوونی خەبات و مزگێنی گەشی بەربەیانی ڕووناک و سەرکەوتنی یەکجاری گەلی چەوساوەی ئێمەیە.
خانەوادە و کەسوکار و هاوبیران و هاوسەنگەرانیان هەروا سەربەرز و سەربەرزتر بن، گیانی نەمر و ڕۆحی بەرزیان هەروا شاد و شادتر بێ.
داتەپین بۆ فرسەتتەڵەبان و سەرکەوتن بۆ خوای ئازادی
حەسەنی شیوەسەڵی و بنەماڵەکەی
١٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨