کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک "لوقمان مێهفەر" پەیامی پرسە و هاوخەمیی بۆ حیزبی دێموکرات نارد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەڕێز ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
بنەماڵەی خۆڕاگری کاک لوقمان!
بەداخەوە هەواڵی ماڵاوایی لە ژیانکردنی کاک لوقمان مێهفەر ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانمان پێگەیشت، ئەم هەواڵە زۆر خەمباری کردین، مەرگی ناوادەی کاک "لوقمان مێهفەر" کە یەکێک لە تێکۆشەرە دێرینەکانی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بوو، بێگومان خەسارێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات، ئێمە بەم بۆنە خەمبارەوە لەلایەن هەموو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە پر بە دڵ سەرەخۆشی لە ئێوە و بنەماڵەی خۆڕاگری کاک "لوقمان" و بە تایبەتی سەرەخۆشی لە "خەجیجە " خانمی هاوسەری و هەموو کادر و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمتان دەزانین.
یادی کاک "لوقمان مێهفەر" بەرز و بەڕێز بێت.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٠ی ئاوریلی ٢٠٢١ی زایینی