کوردستان میدیا: خەڵکی نیشتمانپەروەر و هەمیشە دێموکراتی نییەر، بە بۆنەی ٧٣هەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، پەیامێكی پیرۆزبایییان ڕوو لە خەڵک و حیزبەکەیان بڵاو کردەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دۆست و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە نییەری هەمیشە دێموکرات و قەڵای بەرخۆدان، لە پەیامێکدا پیرۆزباییی ٢٥ی گەلاوێژیان لە خەڵکی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، بنەماڵەی شەهیدان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکانییان کرد و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ حیزبەکەی خۆیان نوێ کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
٢٥ی گەلاوێژ هیوای ژیان، ڕەمزی سەرکەوتن، مزگێنیهێنەری خۆری ئازادی و سەربەستی، ٢٥ی گەلاوێژ بەخشێنەری ورە و دەلاقەیەک بەرەو ڕۆژی ڕوون، بە واتایەکی تر هیوا و ئومێدی گەلی بێبەش و چەوساوەی کورد، بەڵێ! لەم ڕۆژەدا ئاسمانی کوردستان ڕووناک بووەوە، شاخ و بەرد و شار و گوند بوو بە شایی و چەپڵەڕێزان و بای شەماڵ مزگێنی هەڵکرانی مەشخەڵی ئازادی و سەربەستی یاڵ بە یاڵ و دۆڵ بە دۆڵ گەیاندە شار و دێهاتی کوردستان و مزگێنم دەی دەگەی بە ئاوات، کوردە لە سایەی حیزبی دێموکرات بوو بە سروودی سەرزاری گەورە و منداڵ و ژن و پیاوی ئەم وڵاتە. بەڕاستی ڕۆژێکی خۆش و مزگێنیی گەورە بوو بۆ هەر نیشتمانپەروەرێک.
وێڕای پیرۆزکردنی ٢٥ی گەلاوێژ، جارێکی دیکە سەری ڕێز و حورمەت بۆ هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان دادەنوێنین و بەڵێنی درێژەدان بە ڕێگای شەهیدان دەدەین، کە هەتا سەرکەوتنی یەکجاریی درێژەدەری ڕێگای شەهیدان بین.
دیسان پیرۆزە لە حیزبە خۆشەویستەکەمان و هەموو کادر و پێشمەرگە قارەمانەکان، بنەماڵەی شەهیدان و سەرجەم خەڵكی کوردستان.
خەڵکی نییەری قەڵای بەرخۆدان