کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ

12:27 - 25 گەلاوێژ 2721

پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان بەبۆنەی ٧٦ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکرات نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بۆ بەڕێز/ ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سڵاوێکی گەرم

بەبۆنەی تێپەڕینی ٧٦ ساڵ لە خەبات و تێکۆشانی خەڵكی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوی ڕێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانتان و خەڵک و جەماوەرە تێکۆشەرەکەتان دەکەین.

حیزبی دێموکرات لە ساتەوەختێکی مێژوویی و پڕ لە شانازیدا و لە سایەی کۆماری کوردستاندا دامەزرا کە بۆ ئەو کاتە دەسکەوتێکی گرینگ بوو بۆ ڕێکخستنی چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵک و خڕکردنەوەیان لە چوارچێوەی حیزبێکی پێشکەوتووخوازی پێشڕەودا، لە هەمان کاتدا ئومێد و چرایەکی پڕشنگداریش بوو بۆ تەواوی پارچەکانی تر بە تایبەتیش بۆ باشووری کوردستان.

پێمان وایە داگیرکەرانی کوردستان دەبێ لەوە تێبگەن کە ناتوانن تا سەر نکۆڵی لە گەلی کورد و نیشتمانە داگیرکراوەکەی بکەن و لە ڕێگای سەرکوتکاری و زبر و توندوتیژییەوە درێژە بە سیاسەتی داگیرکاری بدەن. ئەگەر بیانەوێت گەلانی ناوچەکە و دەوڵەتەکانیان ئارام و سەقامگیر بێت، پێویستە دان بە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا بنێن و کۆتایی بە سیاسەتی داگیرکاری و قڕکردن بهێنن. زەمینەی ئاشتی و پێکەوەژیان و خۆگونجاندن لە ڕێگای دێموکراسی و یەکتر قەبووڵکردن بهێننە ئاراوە.

ئێمە لە پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستانەوە، وێڕای پیرۆزبایی دووبارەمان بۆ یادی دامەزراندنی ٧٦ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خوازیارین ئەم بۆنەیە بکرێتە هاندەرێک بۆ زیاتر بەرەو ڕێکخستن و یەکگرتنی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئومێدوارین هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش لە چوارچێوەی ستراتیژیکی هاوبەشدا لەنێوان حیزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵات زیاتر بەرەوپێش بچێت و هەر کار و ئەرکێکیش بە ئێمە بکرێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان بێگومان دەرێغی لێ ناکەین.

هەر سەرکەوتوو و سەرفەراز بن

لەگەڵ ڕێزماندا