یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٦ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
کوردستانییانی سەربەرز!
تیکۆشەرانی دێموکرات!
٧٦ ساڵ پێش ئیستا، لە کۆمەڵگای وریا و ئازادیخوازی کوردستانی ئێران و بە ئیرادەی خەڵک و پێشەنگایەتیی کەسایەتییە بەرزەکانی کورد، حیزبی دێموکرات وەکوو یەکەم حیزبی مودێڕنی کوردی دادەمەزرێت، هەتاکوو کوردستانییان بە ئامانجیان نزیک بکاتەوە.
حیزبێک کە بیر و هزر، توانا و داخوازییەکانی هەموو چین و توێژەکان لە خۆیدا بەشدار دەکات و پرەنسیپێکی دێموکراتێکی پێ دەبەخشێت کە هەمووان لەم حیزبەدا هاودەنگ و هاوشان، بۆ سەروەریی نەتەوەیی و پاراستنی کەرامەتی تاکی کورد هەتا ئێستاش لە تێکۆشان بەردەوامن.
بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی خەباتی کورد هەتا ئیستا و ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لەو ئاراستەیەدا، دەتوانین بڵێین کە ئەم حیزبە وەکوو پێشەنگێک لە خەباتی نەتەوەیی ـ دێموکراتیک توانیویەتی فۆرمێکی نوێ و سەردەمیانە بە خەبات بۆ ئازادی بدات و لە هەموو بڕگەکانی پڕ لە شانازیی تێکۆشانیی خۆیدا، بە خوێندنەوەی ورد و زانستییانە و بە ستراتێژیی تایبەت ببێتە ڕێنیشاندەری خەبات.
یەکێک لە خاڵە هەرە بەرچاوەکان لە خەباتی حیزبی دێموکراتدا، بەشداریی هەموو چین و تویژەکان بە تایبەت توێژی لاوانە کە هەمیشە وەکوو سەرمایەیەکی نەتەوەیی لەم حیزبەدا لەبەرچاو گیراوە و بە پەروەردە و خولقاندی دەرفەت بۆ بەشداریی لاوان لە هەموو ڕەهەندەکانی خەبات، توانیویانە ببنە خاوەن هەڵوێست و ئیرادە و لە سەنگەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەرەوپێشبردن و بە ئامانج گەیاندنی خواستی توێژەکەیان و نەتەوەکەیان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبێت.
بەدڵنیاییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ستراتێژی و ئامانجی دواڕۆژی و تێکۆشانی خەباتکارانی نێو ئەم سەنگەرە پیرۆزە و بە پاڵپشتی و هاوشانیی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان وەکوو هەمیشە بەردەوام دەبێت و داهاتوویەکی گەش و بەختەوەرانە چاوەڕوانی کوردستان دەکات.
بەرز و پیرۆز بێت ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٦ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
هەر شەکاوە بێت ئاڵای بەرز و پیرۆزی کوردستان
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢١ی کوردی