حیزبی ڕزگاریی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٦ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەڕێز کاک مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بەڕیزان، ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
وێڕای سڵاوێکی گەرم
بەبۆنەی ٧٦ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوی خۆم و لە جیاتی هەڤاڵانم لەسەرکردایەتی حیزبی ڕزگاریی کوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و لە ڕێی ئێوەی بەڕێزیشەوە پیرۆزبایی لە ئەندامانی سەرکردایەتی، کادر، پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبە تیکۆشەرەکەتان دەکەم. بەو هیوایەم کە یادی ٧٦ـەمین ساڵەی دامەزراندنی حیزبە خەباتگیڕەکەتان وەک هەمیشە پێداگری لەسەر بنەماکانی بەرگری و بەرخۆدان بکاتەوە و کاریگەری زیاتری لەسەر تێکۆشانی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردستان دابنێ.
بەڕیزان، ئیمە لە حیزبی ڕزگاریی کوردستاندا شانازی بە پێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین و پەرۆشی پەرەپێدانی پەیوەندین لەگەڵ حیزبە خەباتگێڕەکەتان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، چونکە یەکڕیزیی نێوماڵی کوردەواری مەرجی پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و نزیک بوونەوەیەتی لە ئامانجە پیرۆزەکانی.
لە دوماهیدا سڵاو و پیرۆزبایی خۆمان دووپات دەکەینەوە و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەخوازین.
ڕێکار ئەحمەد