کوردستان میدیا: پۆلێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەقز پەیامی پیرۆزبایی خۆیان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانەوە، ئاراستەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
لە شاری سەقزەوە سڵاو و ڕێزی خۆمانتان پێشکەش دەکەین.
لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستاندا سەری کڕنۆش لە بەرانبەر پێشمەرگەکانی شاخ و شاردا دادەنەوێنین و پەیمانی درێژەدانی خەباتتان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە.
پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە مەزنە لە بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دەکەین و سڵامەتی و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ بە ئاوات دەخوازین.
ڕێژیمە داگیرکەرەکانی پاشایەتی و ئاخوندی بۆ سڕینەوە و خەوشدارکردنی ناو و جەستەی "پێشمەرگە" هەموو چەشنە شەڕێکی جینایەتکارانەی سەخت و نەرمیان بەڕێوە برد، بەڵام بە خۆشییەوە ئێستاش پێشمەرگەی کوردستان ڕەمز و ئوستوورەی ڕزگاری و خۆشەویستیی نەتەوەی کوردە.
ڕاسانی ڕۆژهەڵات سەلماندی کە نێو شارەکانی کوردستان پڕن لە پێشمەرگەی چاوەڕوانی فەرمان بۆ تێکەوەپێچانی سیستمی ڕێژیمی ئیسلامی و دیسان دڵنیاتان دەکەینەوە، شار ئامادەی گیانفیداییە.
بژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان،
مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی تێرۆریستی ئاخوندی.