کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان: دەبێ کۆتایی بە پێشێلکردنی مافی زمانی دایکی بهێندرێت

11:20 - 2 رەشەمه 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، "دەبیرخانەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان" پەیامێکی لە پەیوەندی لەگەڵ ٢ی ڕەشەمە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بڵاو کردەوە.

لەو پەیامەدا هاتووە کە نزیک بە یەک سەدەیە گەڵاڵەیەک بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی دروستکردنی "یەک نەتەوە" لەسەر بنەمای "زمانێکی هاوبەش" دەستی پێ کردووە.

تەوەری بەرنامە و سیاسەتی یەکزمانیی ئەو گەڵاڵە ئەوە بووە کە بە سەپاندنی دەسەڵاتی "زمانی فارسی" لەلایەن گۆڕانکاریی بەردەوام، تواندنەوە و لەنێوبردنی دەسەڵات و تەواوی زمانەکان و چەند فەرهەنگی، لە ئێران بووە.

هەروەها باسی لەوەش کردووە کە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، تەواوی پێداویستی و کەرەستەی یاسایی، حکوومەتی، دەوڵەتی، پەروەردە، بانگەشە و میدیایی، بە پشتبەستن بە یاسای بنەڕەتی و ئەو یاسا و ڕێسایانەی لە ئێستادا کاری پێ دەکەن، لە خزمەت ئەو گەڵاڵەیەدا بوون.

هەروەتر لە بەرامبەر ئەو گەڵاڵەیەدا، زمانەکانی کوردی، تورکی، بەلووچی، عەرەبی، تورکەمەنی، گیلەکی، مازەنی و تاڵشی نەتەنیا لە پەروەردە و بارهێنانی هەر شێوە پشتیوانییەک بێبەش بوون، بەڵکوو لەلایەن زمانی سەردەست هێرشیان کراوەتە سەر و بە جێبەجێکردنی سیاسەتی گۆڕانی چەند لایەنی فەرهەنگی، لەگەڵ دەیان ناوەندی ڕادیۆیی و تلێڤیزیۆنی خۆجێیی-دەوڵەتی، ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە ئاوڕدانەوە لە بەڵگە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێزدانان بۆ ئەو مافە و بە پشتبەستن بە مافی فەرهەنگی و مافی پەروەردە و بارهێنان بە زمانی دایکی، داوا دەکات کە: "کۆتایی بە پێشێلکردنی مافی فەرهەنگی و هەڵاواردن و پێشگرتن بە پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایکی بهێنن".