کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کومیسیۆنی کۆمەڵایەتی بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

17:59 - 10 خاکەلێوه 2721

کومیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی بەشەرەف و ئازادیخوازی کوردستان!

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگران و بنەماڵە خۆڕاگرەکان!

ئەوڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە هەتا ڕێز لە خەبات و فیداکاری و لەخۆبردوویی پۆلێک لە ڕۆڵەکانی حیزب، لە نەتەوەکەمان و لە سەرووی هەموویانەوە پێشەوای سەرکۆمار و ڕێبەر، هەروەها ژمارەیەکی دیکە لە هاوڕێیانی بگرین کە لەو ڕۆژەدا و لەپێناو گەل و نەتەوەکەماندا لەلایەن ڕێژیمی کۆنەپەرستی پاشایەتییەوە لە سێدارە دران.

١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی حەفتاوچوار ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی پێشەوای ناوداری کورد، پیشەوا قازی محەممەد سەرکۆماری یەکەمین کۆماری دێموکراتیکی کوردستان و یارانیدا تێدەپەڕێت و ئەم ڕۆژە کە لە فەرهەنگی سیاسیی ئێمەدا بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ناودێر کراوە، وەبیرهێنەرەوەی داستانی قارەمانی و گیانفیدایی پێشەوای سەربەرزی کورد و دەیان و هەزاران ڕوڵەی سەرفرازی ئەم گەلەیە کە زۆر لە خۆبردووانە و خۆنەویستانە بوونە داینامۆی شۆڕشی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان و سەرئەنجام زۆر سەخاوەتمەندانە گیانی شیرینی خۆیان بەختی شکۆمەندیی کوردستان و ژیانی سەربەرزانەی نەوەکانی داهاتوو کرد.

بۆیە بە پێویستی دەزانین لەم ڕۆژەدا بۆ جارێکی دیکە سڵاو بنێرین بۆ گیانی پاکی پێشەوای شەهیدی کورد و سەرجەم شەهیدانی سەربەرزی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و بەڵینیی بەردەوامبوون لەسەر ڕێگا و ڕێبازەکەیان بدەین و سەری ڕێز دادەنوێنین.

لە بەرامبەر ئیمانی بەرز و وەفای تا سەریان بە ئامانجە باڵاکانی نەتەوەکەمان کە بووەتە هەوێنی بەردەوامی و گیانی نیشتمانخۆشەویستیی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، هەتا ئێستا، هەر لەم ڕۆژەدا و لە بیرەوەریی شەهیدەکانماندا، جێی خۆیەتی سڵاو بنێرین بۆ بنەماڵە سەربەرزەکانیان کە وەک سەرمایەیەکی پڕبەهای نەتەوەکەمان، وێڕای خەمی تاقەتپڕوکێن و لەدەستدانی ئازیزانیان و تێپەڕکردنی ڕۆژگارە سەختەکانی ژیان، هەروەها وەک چیایەک، قورس و قائیم، بە شانازییەوە ماونەتەوە.

خۆشەویستان!

هەتا لە ساڵی شەهیدبوونی ئازیزانمان دوورتر دەکەوینەوە، ئەوان شکۆمەندتر و مەزنتر دەبن و زیاتر لە ئێستاماندا دەژین. ئەمە ڕازی گیانفیدایی شۆڕشگێڕانە و ئەخلاقییە. چوونکە ئەوەندەی زیاتر دوور دەکەوینەوە، ئەوەندە زۆرتر لە هەستی دەروەستی، ئاڤەزی قووڵ، ئەوینی ڕاستەقینەیان سەبارەت بە نیشتمان تێدەگەین کە چۆن لە هەستیارترین ساتەکانی مێژوودا و لەو کاتەدا کە بوون و مافی نەتەوەیەک پێویستیی بە کردەیەکی شۆڕشگێرانە هەبووە، ئەوان بێ هیچ دوو دڵییەک دەستیان داوەتە ئەو کردەوەیە و گیانی خۆیان کردووەتە پردەبازی سەرکەوتن و مانەوە. هەر بۆیە کاتێک باس لە شەهیدان دەکەین، باس لە کردەوەی شۆڕشگێڕانەیە، باس لە ئازادیخوازی و باس لە عەقڵانییەت و ئەخلاقی مروڤییە، ئەو تێگەیشتنەیە کە ئێمە بۆ میراتی بەجێماوی شەهیدانمان، لامان دروست بووە. ئەمانەش بەهای جێگیر و نەگۆڕن و هێزی جووڵێنەر و بگۆڕی مێژوون. بۆیە شەهیدان و میراتی بەجێماویان، هەروا زیندوتر و گەشاوەتر دەبێت.

بەڕێزان!

لەم ڕۆژەدا ڕەنگە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویست بێت سەرنجی هەلومەرجی ئێستای خۆمان بدەین و بیخوێنینەوە شەهیدانمان ئەوەی وەک ئەرکی مێژوویی لەسەر شانیان بوو ئەنجامیان دا، ئەویش ئەوە بوو کە تا دوایین دڵوپی خوێنی خۆیان بە باوەڕ هەبوون بە حەقانییەتی خەبات و ژیانی پڕسەروەری، بە دژی دیکتاتۆری ڕاپەرین و گیانی خۆیان فیدا کرد، هەلومەرجێک کە ئەوڕۆ کۆمەڵگاکانی پێدا تێدەپەڕێت و پێویستی بە ئیمان و باوەڕێکی قووڵ کە پێویستی بە توانایی قوربانی و هاتنە ناو گۆڕەپان هەیە. ئەوە بەهای ژیانی شەرافەتمندانەیە کە تێیدا چیدیکە شاهیدی شەهیدبوونی ئازیزمان نەبین.

ئەمڕۆ تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان، لە ناخۆشترین هەلومەرجی ژیاندان ژیانێک کە هیچ ئاماژەیەکی ژیانی بەختەوەرانەی تێدا بەدی ناکرێت، ئەوان لەگەڵ دەسەڵاتێک بەرەوڕوون کە هەستی بەرپرسیارەتی بە ڕادەی نووکە دەرزییەک بەرامبەریان نییە.

دەسەڵاتێک کە لە پێناوی بەها ئیدئۆلۆژی سەدەی نێوەڕاستی و داعشییەکانی، ئامادەیی کردنە قوربانیی هەمووانی هەیە، بێ توانایی کاربەدەستانی سیستەم لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەریی کۆرۆنا و مامەڵەی بەهایی کاربەدەستە هەرەباڵا بە دەستەکانی ڕێژیم بەرامبەر بە بەکارهێنانی واکسەنی کۆرۆنا، ئەوە دەردەخات کە ئەو ڕێژیمە تەنیا شتێک کە بۆ خەڵکی دانابێت، هەر مردن و دەستەمۆ کردنە. دەسەڵاتێک کە زیاتر لە چل ساڵە، تەنیا بە زمانێک دەدوێت و یەک دیمەنی نەحس و نەگریس نیشان دەدا. زمانی زوڵم و زۆر، چەوساندنەوە و دیمەنی کوشتن و بڕین و داماڵینی کەسایەتیی تاک و بێڕێزیکردنی. ئەوەندە بەسە کە بزانین لە ئێستادا، وەک تەنیا مێحوەری شەرارەت لە دنیادا ماوەتەوە و وەک مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی و جیهان دەناسرێت.

 چوونکە تەنیا سیستەمێکە کە لە پێناوی سیاسەتە تێرۆریستییەکانیدا، مروڤەکان دەکاتە سووتەمەنی.

 ئەگەر سەرنجێکی کورتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆمە خوێنەکانی ئەو نیزامە دیکتاتۆرە لە عێراق، لوبنان، یەمەن، سووریە و فەلەستین بدەین ئەوەمان بە ڕوونی بۆ دەردەکەوێت، تازەترین ڕیسوایی ئەم ڕێژیمە تێرۆریستپەروەرە لە بلژیک و گومانی حاڵەتی هاوشێوە لە وڵاتانی دیکەی ئورووپایی بە هەمان شێوە نیشاندەری ئەوەن کە ئەم ڕێژیمە بۆ تەنیا چرکەیەکیش لە سیاسەتە تێرۆریستی و شەڕئەنگێزییەکانی مەودای نەگرتووە.

بەڕێزان!

ئەوەی کە کۆمەڵگای ئێران و کوردستان بندەستی ئەو سیستەمە دیکتاتورە، لە هەلومەرجێکی ئەوپەڕی خراپیدایە، هیچ گومانێکی تێدا نییە. لە باری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و بوارەکانی دیکەشەوە، هەلومەرجەکەی بە جۆرێکە کە هیچ ڕۆژێکی لە ڕۆژی پێشتر باشتر نییە، بە کورتی

هەموو ئاماژەکانی هەرەسهێنان و گۆڕان دەرکەوتوون، بێگومان ئەو ڕێژیمەش هەروا بە ئاسانی و دەست لەسەر دەست ڕاوناوەستێت و خۆی نادات بە دەستەوە.

هەر بۆیە لە ئێستاوە، بۆ بە دەستهێنانەوەی مەشرووعییەت و بەلاڕێدابردنی سەرنجی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، خەریکی دروستکردنی سیناریۆ و ئامادەکردنی شانۆکارییە بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری کە وا بڕیارە لە جۆزەردانی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت.

ئەوەی گرینگە بیزانین و بناغەی کار و کردەوە و تێکۆشانی خۆمانی لەسەردا بڕێژین ئەوەیە کە ئەو سیستەمە بە هەر فێڵێک خۆی نیشان بدات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هەر بیانوو هۆکارێک بیهەوێت لەگەڵی پێک بێت و هەڵ بکات، لەوە ناگۆڕێ کە کۆمەڵگای ئێران و کوردستان و سەرزەمینی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی دیکە، لەوپەڕی ناڕازی بوون دایە و کەلێنەکانی نێوان دەسەڵات و خەڵک بە جۆرێکن کە تەنیا بە ڕووخانی ئەو سیستەمە پڕ دەبنەوە.

بۆیە گرینگە ئێمە بناغەی کاری خۆمان لەسەر ئەوە دابڕێژین و هەنگاوەکانمان بەرەو داهاتوو لەسەر ئەوە چڕ بکەینەوە.

خەڵکی بە شەرەفی کوردستان!

بیرەوەریی شەهیدەکانمان ئەوەمان پێ دەڵێت کە کوردستان بەردەوام سەنگەری ئازادیخوازی و عەداڵەتی ژیانی شکۆمەندانە بووە.

ئەوە میراتێکی مەزنە و دەبێ بە شانازییەوە باسی بکەین و بەڕاستیش هەست بە شانازی دەکەین، کە دەبینین هزری پاراستنی کوردستان لە دڕەندەیی داگیرکەران، خەریکە زۆربەی بوارە کۆمەڵایەتی، کولتوری، ژینگەیی، تەندروستییەکان و بوارەکانی تری گرتووەتەوە.

ڕەشبگیرییەکانی ئەو دواییانەی چالاکانی مەدەنیی کوردستان، نیشاندەری ئەوەن کە لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر کۆمەڵگایەکی وشیار و ئامادەیە.

بەڵام ئەوەش پێویستی بە هاوسۆزی و یەکدەنگی و یەکگرتووییە، بۆیە دەبێ لە هەموو کاتێک زیاتر چاوەڕوانی ئەو یەکدەنگی و یەکگرتووییە لە یەکتر بین، هەروەها هیوا و ئارەزوومان ئەوەیە شاهیدی ئەو یەکگرتووییە بین هەتا بە وەسەرخستنی هێز و تواناکانمان باشتر بەرەو ئەهداف و ئامانجەکانمان کە هەمان ئاوات و ئامانجی گەلی کوردن، وڵاتەکەمان، کوردستان ڕزگار بکەین ئێرانیش لەژێر چەپۆکی داگیرکەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕزگار بکەین. بەو جۆرەش ڕۆحی شەهیدەکانمان شاد بکەین و بناغەی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکەین بۆیە جارێکی دیکە لەم ڕۆژەدا، ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی پێشەوا قازی و قاسملووی ڕێبەر و دوکتور سەعیدی مامۆستا و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و بنەماڵە سەربەرزەکانیان و بەڵێن نوێ دەکەینەوە هەتا سەرکەوتنی ئاوات و ئامانجەکانیان درێژەدەری ڕێبازە شانازیخولقێن و پیرۆزەکەیان بین.

سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی حیزب و گەل

سەرکەوێت خەباتی گەلی کورد بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕووخێت ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کومیسیۆنی کۆمەڵایەتی

١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠