کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆمەڵێک لە خوێندکارانی نێوخۆی کوردستان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز

10:29 - 27 سەرماوەز 2721

کۆمەڵێک لە خوێندکارانی نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

٢٦ی سەرماوەز هێما و سەمبولی گیانبازی و فیداکاریی ڕۆڵە پێشەنگ و خۆبەخشەکانی نەتەوەیەکە کە خاکەکەیان داگیر کراوە و گەلەکەیان ڕۆژانە ڕووبەڕووی دڕندانەترین چەشنی ئاسمیلەبوون دەبێتەوە.

زیاتر لە سێ چارەکە سەدەیە کچ و کوڕانی ئەم نیشتمانە لە پێناو سەربەستی و ڕزگاری لە کۆلۆنالیسم ئامادەی بەخشینی هەموو نرخێک بوون و لە ترۆپکی گیانبازیدا بە خوێنی خۆیان وانەکانی سەربەستییان لە پۆلەکانی ژیانی سەروەرانەدا بە گوێی تاک بە تاکی کۆمەڵگەکەماندا داوەتەوە.

بۆ ئێمەی خوێندکار پێشمەرگە نموونەی ئەو مروڤە خاکەڕا و دەروەست و خۆنەویست و گەلویستەیە کە وەک شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە هەموو هەوڵێک دەدات داهاتووێکی باش و بەختەوەرانە بونیاد بنێت و هەرگیز بۆ ڕزگاری و سەربەستی چاوەڕوانی قەزا و قەدەر و ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو بە تێکۆشان و ڕێکخستن و بەخشینی زانیاری و سەمفۆنیای چەکەکەی درەنگ یان زوو قەڵای داگیرکاری و بێداد و ستەم دادەڕمێنێت.

ئێمە وەک کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆکانی نێوخۆی وڵات جارێکی دیکە سەری کڕنۆش لەهەمبەر فیداکاری و شۆڕشگێڕیی پێشمەرگەدا دادەنوێنین و بەڵێن دەدەین وەک بەشێک لە خەباتی شار زیاتر لە جاران هەوڵی یەکخستنی مەتەرێزەکانی شاخ و زانکۆ بدەین و لەم پێناوەدا لە هیچ فیداکارییەک خۆ نەبوێرین.

٢٦ی سەرماوەز لە هەموو پێشمەرگەکانی شاخ و شار پیرۆز بێت

سەرکەوێت پێشمەرگە، نموونەی ڕاستەقینەی هێزی شۆڕشگێڕ و گۆڕانخواز