یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان بەبۆنەی نوێبوونەوەی سروشت و ساڵی نوێی کوردەوارییەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
یا مقلب القلوب و الابصار
یا مدبر اللیل و النهار
یا محول الحول و الاحوال
حول حالنا الی احسن الحال برحمتک یا ارحم الراحمین.
بەبۆنەی نوێبوونەوەی سروشت و ژیانەوەی وەرزێکی نوێ و ساڵی تازە، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی گشت مرۆڤایەتی و چوارپارچەی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی خۆڕاگری سیاسی و تێکۆشەرانی نەتەوەکەمان دەکەین، هیواخوازین ساڵێکی پڕ لە خێر و خۆشی و سڵامەتی بێت.
هاونیشتمانییانی هێژا!
لە کاتێکدا ساڵ نوێ دەکەینەوە کە هەروا گەلەکەمان لەژێر دەسەڵاتی دڕندانەترین دیکتاتۆری توتالیتێری سەردەم، لەژێر سەخترین و پڕمەینەتی و داگیرکاری، ژیان ساڵ بە ساڵ ئاڵوگۆڕ دەکەن بێ ئەوەی هیچ دەرفەتێکی مرۆیی بۆ نوێبوونەوەی ژیان بڕەخسێت.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ باوەڕێکی بە ئازادیی مرۆڤایەتی و گۆڕانکاری نییە و ماوەی زیاتر لە ٤٢ ساڵە گەلانی ئێران و نەتەوەی کوردی بە شێوازە جۆراوجۆرەکان دەچەوسێنێتەوە، لاوانمان زیندانی و لە سێدارە دەدات و هەموو ڕێگاکانی بژێویی ژیانی لێ زەوت کردوون، بۆیە یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی، جارێکی تر داوا دەکات بە یەکیەتی و خۆڕاگری و پاڵپشتیی شۆڕشگێڕانی ڕزگاریخوازی نیشتمان ڕێگای زیادەڕەوییەکانی ئەم ڕێژیمە خۆسەپێنە بگرن.
هەر ساڵتان نەورۆز و نەورۆزتان پیرۆز بێت.
یزاکا
٣٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی