کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی خوێندکاری کورد

13:30 - 12 بانەمەڕ 2720

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، ٥٢هەمین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی "ئیسماعیل شەریفزادە" و ڕۆژی خوێندکاری کورد، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

٥٢ ساڵ لەمەوپێش لە ١٢ی بانەمەڕی ١٣٤٧ی هەتاویدا ئیسماعیل شەریفزادە، خوێندکاری بەهەڵوێستی کورد و ئەستێرەی درەوشاوەی مێژووی خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بەرخۆدانێکی قارەمانانەدا کەوتە بەر گولـلەی ڕقی داگیرکەران و بە شەهیدبوونی خۆی، بوو بە ڕێنوێنی خەبات و ڕێنیشاندەری شۆڕش و هێمای خوێندکار و ڕووناکبیری شۆڕشگێڕ و دەروەستی کورد.

بە شەهیدبوونی شەریفزادە ئەگەرچی زامێکی بەژان لە جەستەی برینداری نیشتمان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی وڵاتەکەمان کەوت، بەڵام ئەو باشقەیە لە شۆڕشگێڕی و ئیرادەی خۆبەدەستەوەنەدان و لەرزاندنی کۆشکی هێمنی داگیرکەران و ستەمکاران کە شەریفزادە و هاوڕێیانی بە بەهای خوێنی گەشی خۆیان پێشکەشیان کرد، بوو بە فێرگەیەکی مەزن کە دواتر نەسڵێک لە ڕێبەرانی ئارمانجخوازی بۆ بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێگەیاند.

شەریفزادە ڕۆڵەیەکی بەهەست و دەروەستی نەتەوەی کورد بوو کە سەردەمی منداڵیی خۆی لە مەهاباد و لەژێر تیشکی هەتاوە زێڕینەکەی کۆمار تێپەڕاند و یەکەم ساڵەکانی ژیانی هاوکات بوو لەگەڵ چەندین قۆناغ لە نسکۆ و سەرکەوتنی گەلە چەوساوەکەی کە گرینگترینیان دامەرزان و پاشان ڕووخانی کۆشکی هیوای کوردان واتە کۆماری کوردستان لە مەهاباد بوو.

لە پاش ڕووخانی کۆمار ئەگەرچی فەزای سیاسی لە کوردستان بە تەواوی میلیتاریزە کرابوو، بەڵام لە ناوەندی ئێران و شارە گەورەکان هێشتا دیکتاتۆریی پەهلەویی دووەم نەیتوانیبوو بە تەواوی بەسەر دۆخەکەدا زاڵ ببێت و کراوەییەک لەچاو سەردەمی پەهلەویی یەکەم بەدی دەکرا، بەڵام پاش کودەتای ٢٨ی گەڵاوێژی ١٣٣٢ی هەتاوی و ڕووخانی موسەدیق، کەشێکی پۆلیسی باڵی بەسەر هەموو وڵاتدا کێشا کە زانکۆکانیش لێی بێبەش نەبوون. هەر بۆیە لە ساڵەکانی دواتر و سەرەتاکانی دەیەی ١٣٤٠، ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و کۆمەڵگەی سەرکوتکراوی کوردستان بەتایبەتی، لە شێوەی گوتار و بیری ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەدا خۆی دەردەخات و لەم ساڵانەدایە کە بزووتنەوە و ڕێکخراوە ڕادیکاڵەکان بەتایبەتی لەنێو دڵی زانکۆکانەوە سەر هەڵدەدەن کە وەکوو پەرچەکردارێک بەرانبەر بە خەفەقانی سیستمی دەسەڵات و بەتاڵبوونی بیری چەپی کلاسیکی هاوشێوەی حیزبی توودە لە وزەی شۆڕشگێڕی و وەگەڕخستنی باهۆزی گۆڕانکاری، شێوە خەباتی چەکدارانە و پارتیزانیی هاوشێوەی شۆڕشەکانی کووبا و ڤێتنام و وڵاتانی دیکە دەکەنە پارادایم و مۆدیلی نوێی شۆڕش.

لە وەها هەلومەرج و بەستێنێکدایە کە هەستی ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەری لە ناخی لاوی چاوکراوەی کورد ئیسماعیل شەریفزادەدا گەشە دەکات و زانکۆکانی تاران دەکاتە مەتەرێزی داکۆکی لە نەتەوەی بندەستی کورد و خوێندکارانی کورد لەگەڵ ماف و ئازادییە زەوتکراوەکانیان ئاشنا دەکات.

پێویستە ئاماژە بکرێت کە یەکێک لە ئامانجەکانی دامەزرانی زانکۆ لە ئێراندا، پتەوکردنی دەوڵەت- نەتەوەی ساختەی ئێران و پەروەردەکردنی پێرسونێلی پێویستی ئەو سیستمە بوو تا بتوانێت پەرە بە یەکدەستکردن و یەکدەنگکردن و یەکڕەنگکردنی پێکهاتەی فرەڕەنگ و فرە دەنگی ئێران بدات و وەک هەموو ڕێژیمێکی فاشیستی لە جیهاندا، دەرچووانی زانکۆکان بکاتە سەربازانی مێشک شۆراوی دەمارگرژی داکۆکیکار لە بیر و هزری ناسیۆناڵیزمی ئێرانی و بەو چەشنە بنەماکانی دەسەڵاتی خۆی بە تەواوی جێگیر بکات. لە وەها بەستێن و بیاڤێکدا بوو کە شەهید ئیسماعیلی شەریفزادە لە بەرامبەر بە ئامرازکردنی زانکۆ و سیاسەتی توانەوەی کورد و یەکدەستکردن و یەکڕەنگکردنی زۆرەملێدا ڕاوەستا و سەنگەری بەرخۆدان و مافویستیی لە زانکۆی تاراندا هەڵکەند و وەک ئەندامێکی شانە نهێنییەکانی حیزبی دێموکرات لە زانکۆی تاراندا داکۆکیی لە ماف و مانەوەی نەتەوە بندەستەکەی کرد. پاش ئەوەش کە دەرەتانی مانەوەی زیاتری بەهۆی شوێنپێهەڵگیرانی لەلایەن سیخوڕەکانی ساواکە‌وە لە زانکۆدا بۆ نەمایەوە، ڕووی لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان کرد و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لەبەر کرد. شەهید ئیسماعیل شەریفزادە، وێڕای شەهید سلێمان موعینی و مەڵا ئاوارە، وەک یەکێک لە ڕێبەرانی بزاڤی چەکداری و شۆڕشگێڕانەی ساڵەکانی ٤٦ـ٤٧ نەک هەر لە شۆڕشی کوردستاندا، کاریگەریی گرینگی دانا، بەڵکوو بوو بە ئیلهامبەخشی شۆڕش و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و زۆرداری لە زۆر ناوچەی دیکەی ئێرانیشدا. ئەو بزاڤە شۆڕشگێڕانە چەکدارییەی کە شەهید ئیسماعیلی شەریفزادە یەکێک لە ڕێبەرە سەرەکییەکانی بوو، لە پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان بە گرینگترین جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دەژمێردرێت. هەر بەهۆی ئەم شوێندانەرییە و پێگەی بەرزی شەریفزادە وەکوو سیمایەکی خوێندکاری لە جووڵانەوەی نەتەوەیی - دێموکراتیکی کوردستاندا بوو کە دەستەی دامەزرێنەری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی گیانبەختکردنی ئیسماعیلی شەریفزادەی وەک ڕۆژی خوێندکاری کورد دیاری کرد.

بزاڤی خوێندکاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرمەشق وەرگرتن لە ژیان و خەباتی شەهید ئیسماعیلی شەریفزادە، توانەوەی بزاڤی خوێندکاریی کورد لەنێو بزاڤی خوێندکاری ئێرانیدا ڕەت دەکاتەوە و مکوڕانە پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دەرهەستە دادەگرێتەوە کە پێکناکۆکیی سەرەکی لە ئێراندا، پێکناکۆکیی نێوان گەلی سەردەست و گەلی بندەست و پرسی داگیرکرانی خاکی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندیی ئێرانەوەیە و توێژی خوێندکاری کورد وەک توێژێکی چاوکراوەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرەی خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی کورددایە و بە شانازییەوە درێژە بە ڕێگەی ئەو شەهیدە نەمرە دەدا و زانکۆکانی ئێران و کوردستان دەکاتە سەنگەری مافویستی و داکۆکی لە ناسنامەی نەتەوایەتیی کورد.

شەریفزادە ئەو خاڵی وەرچەرخانە گرینگەیە کە ئیلهام بە توێژی خوێندکار و ئیلیتی کورد دەبەخشێت بۆ ئەوەی کە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بۆ ڕزگارکردنی گەلی چەوساوە و خاکی داگیرکراوی کورددا ڕۆڵ بگێڕن و شۆڕشی ڕەوای گەلەکەیان بە چەکی هزر و زانست و ڕەخنە و تیۆریی شۆڕشگێرانەی نوێ و داهێنان و ئافراندنی سیاسی و پێشکەوتن و نوێگەری تەیار بکەن و بە پێشەنگ و ڕێنوێنی سەدان و هەزاران ڕۆڵەی پێگەیشتووی کورد دادەنرێت کە وەکوو ڕووبارێک لە دڵی زانکۆ و بەستێنی هزری ئاکادیمیکەوە هەڵدەقوڵێن و ڕوو دەکەنە سەنگەرەکانی پاراستنی کەرامەتی نەتەوەکەیان تا وەکوو لافاوێکی ڕاماڵێنەر قەەڵای خۆبەزلزانیی داگیرکەر بنکۆڵ بکەن و لەو پێناوەدا ببنە هێمای دروشمی "یان کوردستان یان نەمان".

لەنێو ئەو خوێندکارە بلیمەت و دەروەستانەی کورددا کە لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕێزەکانی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا خۆیان ڕێک خست و ماوەیەک کار و چالاکیی ڕێکخراوەییان بەڕێوە برد و دواتر لە ڕەوتی قۆناغی نوێی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هاوشێوەی شەریفزادە و ڕێبەرانی شەهیدمان قاسملوو و شەرەفکەندی و هەزاران شەهیدی دیکەی ڕێگای ڕزگاریی نیشتمان، بەرگی پیرۆزی سوورخەڵاتانی نیشتمانیان لەبەر کرد، دەتوانین ئاماژە بە ناوی شەهیدان ڕسووڵ موحەممەدزادە، سەلاح نادری و هێمن مەولان نژاد بکەین. بوونی ئەم شەهیدە سەربەرزانە و دەیان تێکۆشەری نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لە ڕیزەکانی ڕێکخراوەکەماندا ناسنامە و شانازیی ئێمەیە و درێژەدانی ڕێگایان ئەرکی سەرشان و ئامانجی هەتاسەرمان دەبێت.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ڕێکخراوی خوێندکارانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی کورد لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندایە، خۆی بە درێژەدەری ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی ئیسماعیل شەریفزادە و هەموو شەهیدانی ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانی بزووتنەوە ڕەواکەمان دەزانێت و لە پەنجا و دووەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئەو ئەستێرە پرشنگدارەی ئاسمانی خەبات و شۆڕش و بەرخۆداندا، لەگەڵ ئامانجە بەرزەکانی پەیمان نوێ دەکاتەوە و یادیان دەکاتە هەوێنی تێکۆشان و وانەکانیان دەبنە چرای ڕێنوێنی خەباتمان.

سڵاو لە یادی شەریفزادە و هەموو شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی کورد

بەردەوام بێت ڕێگای ئامانجەکانی خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی کورد

سڵاو لە خوێندکارانی دەروەستی نەتەوەکەمان

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتی ئیجرایی

١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی