کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی خوێندکاران بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

18:08 - 2 رەشەمه 2721

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشەنەیە:

زمان تەنیا شوناس نییە، هێز و بەختەوەریشە!

زمان لە سەردەمی ئەمڕۆدا لەوەی تێپەڕیوە کە تەنیا وەکوو ئامرازێک بۆ دروستکردنی پێوەندییەکان کەڵکی لێ وەر بگیردرێت، بەڵکوو بووەتە بەشێکی بەرفراوان لە هەموو بوارەکانی ژیان، لە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە بگرە هەتا سیاسی و ئابوورییەوە؛ واتە زمان جیا لە بەشێک لە فەرهەنگ هەم هێز و دەسەڵات دێنێ، هەم سامان و بەختەوەری.

ئەم تایبەتمەندییەی زمان ڕەنگە لە ئێستەدا بەشێوەیەکی زانستی و پسپۆڕانەتر ئاوڕی لێ بدرێتەوە، بەڵام ناکرێت بە تۆخی و ڕەهایی لە کات و قۆناغێکی دیاریکراودا قەتیس بکرێت و بوترێت: زمان بەس لە ئێستە و هەنووکەدا سامان و هێزە، چونکە لە ڕەوتی مێژوودا زۆر نەتەوەی هەژار و دەسکورت لە ڕێگای زمانەوە توانییان ببنە بە خاوەن سەروەریی خۆیان و بەپێچەوانەکەشی زۆر نەتەوەش لە ڕێگای زمانەوە توانەوە و لە مێژوو بەس ناوێکیان لێ ماوەتەوە.

نەتەوەی کورد، یەک لەو نەتەوانەیە کە سەدان ساڵە لە نێوان مان و نەماندا خۆڕاگری دەکات و پەل بۆ ژیانێکی بەختەوەرانە دەهاوێت و لە سەنگەری مانەوەیەدا ئەگەر بڵێن زمان قەڵغانێکی پتەو و قایم بووە کە کوردی لە فەوتان ڕزگار کردووە، بەهەڵە نەڕۆیشتووین؛ چون لە کاتێکدا کە کورد خاکەکەی لێ داگیر کراوە، فەرهەنگی لێ دزراوە و مێژووشی ئاڵۆز و چەواشە کراوە، ئەوە زمانە کە تا ئێستەش لە کورد نەستێندراوە و داگیر نەکراوە و سەرەڕای ئەو هەمووە گوشار و پەلامارە نەک لەگەڵ زمانی داگیرکەرانی کوردستان ڕکابەری دەکات، بەڵکوو لە گەلێک بواردا دەوڵەمەندتر و بەهێزترە.

وەک دەزانین ۲۱ی فێبرییە کە بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی ناسراوە، هۆکارەکەی بۆ هەڵوێستی خوێندکارانی بەنگلادش لە ساڵی ۱۹٥۲ی زایینی لە هەمبەر دەسەڵات و هەیمەنەی زمانی ئۆردوو لەلایەن پاکستانەوە دەگەڕێتەوە. ئاماژەکردن بەم بابەتە ئەوەمان پێ دەڵێت کە پاراستنی زمان سەرەکیترین خەمی هەر خوێندکارێکی دەروەست و خەباتکارە و لەم پێوەندییەدا خوێندکاری خەباتکاری کوردیش بەردەوام لە خەبات و چالاکیدا بووە و خۆی لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک نەبواردووە، کە نموونەی هەرە بەرچاوی مامۆستا زارا محەممەدییە کە وەکوو خوێندکارێک لە ئاستی گەشەپێدان و پاراستنی زمانی کوردی هەنگاوی کردەیی هەڵگرت و لە پێناویشیدا نرخەکەی داوە کە مەحکوومبوون بە ٥ ساڵ بەندبوون لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی تۆتالیتاری ئیسلامیی ئێرانە.

وەکوو یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، وێڕای پیرۆزباییی ئەم ڕۆژە لە هەموو خەمخۆرانی زمانی کوردی، بەڵێن دەدەین کە لە پێناو گەشەکردنی زمانی کوردی لە هیچ کار و چالاکییەک خۆ نەبوێرین و درێژەدەری ڕێبازی مامۆستا زاراکان بین.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

۲ی ڕەشەمەی ۲۷۲۱ی کوردی