یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان پەیامی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە و پشتیوانیان لە حیزبی دێموکرات دەربڕی.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردستان،
لاوان، داینەمۆ و هێزی خەباتی ڕێکخراوەیی و نەتەوەیی و دێموکراتیکی گەلی کورد، ۷٥ ساڵ بەر لە ئێستا نەتەوەی ماف زەوتکراوی کورد لە شاری مەهاباد لە ۲ی ڕێبەندان دا کۆماری کوردستانی بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و نەمر پێشەوا قازی محەممەد ڕێبەری زانا و لێهاتووی کورد ڕاگەیاند.
دامەزارانی کۆماری کوردستان وەک ئەستێرەی درەوشاوەی مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە بنەڕەتدا هەڵقوڵاوی ویستی ڕزگاری نەتەوەی کورد بوو کە لە سەردەمی شەڕی جیهانی دووهەم دا بە قۆستنەوەی ئەو دەرفەتەی کە لە ئاکامی شەڕی جیهانی دوهەمدا هاتبوو ئاراوە دامەزرا و توانی شوێندانەریەکی بێ وێنەیە لەسەر بزوتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی گەلی کورد دابنێت.
ئەو شوێندانەریە کە تا بە ئەمڕۆ کە جەژنی ۷٥ ساڵەی دامەزرانی کۆمار دەگرین بەردەوامە و توانی ببێتە سەرچاوەی ئیلهام و چرای ڕێی خەباتی ئازادیخوازان و خەباتکارانی نەتەوەکەمان.
بەرهەمەکانی کۆماری کوردستان وێڕای تەمەنی کەم و لە بەر گرتنی تەنیا بەشێک لە جوغرافیای کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەموو ئەو تەنگ و چەڵەمانەی کە ڕووبەڕووی کۆماری کوردستان بوون بە ئەندازەیەک زۆر و دەگمەن بوون، کە بە بەرئاورد لە گەڵ هەر حکوومەتێکی دیکە دەردەکەوێت کە کورد لە ژێر چەتری حکومڕانی خۆی و هەوای ئازادیدا دەتوانێ وێڕای ژیانی ئازاد و هەنگاوەکانی پێشکەوتن و بوژانەوەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کولتووری بگرێتە بەر و ببێ بە هیوایەک بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و بەڕێوەبردنی دێموکراتیکی وڵات.
لە بەرهەمەکانی کۆماری کوردستان دەتوانین ئاماژە بە ناوی پێشمەرگە و ئاڵا و بوژاندنەوەی زمان و کەلتوری کورد و دابین کردنی ئاسایش و هەنگاوەکانی پەروەردەی و یەکسانی کۆمەڵگا هەروەها دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان بکەین.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا جێژنی ۷٥ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەگرین کە یەکێک لە دامەزراوەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان واتە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆنگرەی دەیەمی خۆی بە سەرکەوتووی و بە بەشداری لاوان و لە کەشێکی دێموکراتیک دا بەڕێوەبرد.
لە ۷٥ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەهۆی ستەمی بێ وێنەی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی وڵاتی ئێمە توشی سەدان و هەزاران قەیران کردووەو ژیانی پڕ لە نەهامەتی بۆ گەلی کورد و بە تایبەتی توێژی لاوان داهێناوە.
لاوانی وڵاتی ئێمە وێڕای هەست کردن بە ئازارەکانی گەلی کورد هەست بە بەرپرسیارەتی مێژووی خۆشی بۆ خستنە گەڕی یەکگرتووانەی تواناکانامان بۆ ڕزگاری کۆتایی گەلەکەمان دەکات.
لە ژێر هەستکردن بە ئەو بەرپرسیارەتیەدا ئێمە لاوان و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردی لە بەڕێوەبردنی خەباتی فرە ڕەهەندی نەتەوەیی و ڕێکخراوەیی خۆمان دا وانەکانی کۆماری کوردستان و ئامانج و بەها پیرۆزەکانی بە چرای و ڕێگای خەباتی خۆمان دەزانین و لە پێناو وەدیهێنانی ئەو ئامانجانە تێکۆشانی خۆمان بە شێوەیەکی سەردەمیانە و ئەوڕۆییانە دەخەینە گەڕ و پەیمانی بەردەوامی خەبات تا گەیشتن بەو ئامانجانە بە شەهیدانی ڕێگای ئازادیخوازی گەلی کورد و لە سەروی هەموویانەوە نەمر پێشەوای زانا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کۆماری کوردستان دووپات دەکەینەوە.
سڵاو لە ڕووحی پاکی شەهیدان
پیرۆز بێت ۲ی ڕێبەندان جێژینی دامەزراندنی کۆماری کوردستان
سەرکەوێ خەباتی گەلی کورد و
بەدی بێ ئامانجی کۆمار و شەهیدان
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران