کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی لاوان بەبۆنەی کۆتایی کۆنگرەی دەیەمی ئەو ڕێکخراوەیە

17:25 - 30 بەفرانبار 2720

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی بەبۆنەی کۆتایی کۆنگرەی دەیەمی ئەو ڕێکخراوەیە بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

هاونیشتمانیانی هێژا، لاوانی نیشتمانپەروەر

یەکیەتیی لاوانی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ژێر تیشکی ڕووناکیی وەرزی نوێی خەباتی خۆرهەڵات، لە ڕۆژی ٢٢ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاویدا کۆتایی بە کۆنگرەی دەیەمی خۆی هێنا، گۆنگرەیەک کە مەبەستی بەخشینەوەی وزە و گیانێکی نوێ بە لاوانی کوردستان بۆ بەرەوپێشچوونی کاروانی ڕاسانی رۆژهەڵات بوو، تاکوو لەم ڕێگەیەوە پەیمان لەگەڵ ئامانجە سەرەکییەکەمان کە ڕزگاریی نەتەوەیی و ئازادیی کوردستانیانە نوێ بکەینەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لەم ساڵانەدا و لە شار و شاخی کوردستان، حەماسەکانی قەرەسەقەل و کۆساڵان، نەورۆزی جامانەکان، نەورۆزی خاکیپۆشان، حەماسەی کرماشان، زەماوەندی ئاڵا و ... هاتنە ئاراوە، کۆنگرەی لاوان بوو بە مەکۆیەک تاکوو هەڵگری ئەو پەیامە بێ کە لاوان پێشەنگ، دەسپێشخەر و پشتیوانی هەر چەشنە ڕاسانێکن کە ئاکام و ئامانجەکەی ڕزگاریی وڵات و نەتەوەکەمان بێ.

ئێمە وەک لاوانی دیمۆکرات لە سەنگەرێکەوە خەبات دەکەین کە هاتنی پۆل پۆلی لاوان بە کیژ و کوڕەوە بۆ ڕیزی پێشمەرگایەتی و لەهەمانکاتدا پتەوکردنی سەنگەری شار وەک نموونەیەکی بچووک دەزانین لەو بەرپرسیایەتییەی کە بەرانبەر بە داهاتووی وڵات و نەتەوەکەمان لە سەر شانمانە، هەمان بەرپرسیایەتی کە شاخ دەکات بە مەکۆی لاوە بەوزە و ئیرادەکانی خۆرهەڵات و شار دەکاتە لانکەی ژیانێک کە ئاوێتەی خەبات بووە.

 هەموو ئەمانە لە فەلسەفەیەکەوە سەرچاوە دەگرن کە تێدا لاو چ وەک ئەندێشە و چ بە پراکتیک، دەیهەوێ مێژوییەکی نوێ بۆ کوردستانیان بنووسێتەوە. هەمان مێژوو کە پێشەوا بە دامەرزاندنی کۆماری کوردستان و سەرهەڵدانی یەکیەتیی لاوان دەستەبەری کرد، هەمان مێژوو کە قاسملووی ڕێبەر بە زانایی گەورەتری کرد و هەمان فەلسەفە کە شەرەفکەندی بە ئیرادەکەی، بنەمای مانەوەی هەمیشەیی نیشتمانپەروەرەکانی چەسپاند.

ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە و گوتارە کە لاوانی دیمۆکراتی بۆ چەندین دەیە لە سەنگەری خەباتی خۆرهەڵاتدا بە زیندوویی هێشتووتەوە و هاوڕێی کاروانێکە کە لە بەرزاییەکانی شاخ و گۆڕەپانەکانی شارەوە هاواری کوردستانیبوون دەکەن.

ئێمە نەوەکانی ئەمڕۆ کە میراتگەلێکی گەورەمان لە خەباتکاران و لاوانی پێش خۆمانەوە بەدەست گەیشتووە، میراتێکمان لە بەردەستدایە کە نەک تەنیا بۆکوردستانیانە، بەڵکوو میراتێکە بۆ مرۆڤایەتی. کوردستانییە، چونکە خاک، نیشتمان و وڵات وەک لانکەی هەمیشەیی مرۆڤ بە پیرۆز دەزانێ و مرۆڤانەیە چونکە ئاوێتەبووە بە بەها جیهانییەکانەوە. هەمان ئەو بەهایانە کە پێشەوا بونیادی ناسنامەی کوردستانیبوونی پێنەخشاند و هەمان ئەو بەهایانە کە قاسملوو ناسنامەکەی ئاودیوی جیهانی دەرەوەی کوردستان کرد.

ئاماژەدان بەم تایبەتمەندیانە بۆیە پێویستن تاکوو وەبیر خۆمان بێنینەوە کە چ میراتێکی گەورە لە پشت لاوان و خەباتەکەیانەوەیە. تاکوو لە بیرمان بێ کە مانەوە و بەهێزیی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان لە کانگایەکەوە سەرچاوە دەگرێ کە لاوان تێیدا ڕۆڵ و دەوری کاریگەریان بینیوە. هەمان ئەو لاوانەی کە جگە لە بەکردەوە کردنی دروشمەکانی "یان کوردستان یان نەمان"  و "نەسرەوتن تا سەرکەوتن" بایەخیان بە هیچی تر نەداوە. بۆیە ئەم گۆنگرەیە درێژکراوەی هەمان بیرۆکەیە کە بوونمان پێ دەبەخشێت، ئیرادە دەبەخشێتە بەرنامەکانمان و وزە دەبەخشێتە کۆمەڵگایەک کە بۆ دەیان ساڵە بۆ مانەوە و بونیادنانی کوردستانێکی رزگار و ئازاد فیداکاری دەکات.

لە کۆتاییدا دەمانهەوێ بڵێین کە ئێمە لە ژێر رووناکایی مێژوی بزاڤی ڕزگاریخوازی و وەرزە نوێیەکەی، واتە "ڕاسانی ڕۆژهەڵات"، درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین، دەمانهەوێ بڵێین کە شار و شاخ دوو کۆڵەکەی سەرەکین کە لاوان باسکە بەهێزەکەی پێکدێن، چ ئەوانەی سینگیان دەکەنە قەڵغانی گولـلە و چ ئەوانەی لە ناو دڵی شارانەوە هاواری ئیرادەی کوردستانیبوون دەکەن. لە سەر ڕێچکەیەک هەنگاو دەنێین کە کۆساڵان و قەڕەسەقەڵ هێماکانی پێکدێنن و سەمای جامانەکان ڕیزی کۆڕان و کچانی شار دەکاتە سەنگەری پارێزگاری لە کورد و کوردستان .

ئەوەی بەتەماین لە داهاتوودا پەیڕەوی بکەین، ئاوێتەبوونی زیاترە بە لاوانی خۆرهەڵات. تێکەڵبوونێک کە وێنای جیهانێکی جیاواز بۆ داهاتووی نەتەوەکەمان بکات. جیهانێک کە لاو لە واتا و ماناکانی دەگات و دەیهەوێ لەو ڕێگەیەوە مێژوویەکی نوێ بنووسێتەوە. ئەم رێگایە هەرچەند کە دەزانین بێ کەند وکۆسپ نابێت بەڵام دەیان هیوا و ئاوات دەبەخشێتە کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتوو تاکوو بزانن کە لاوانی ئەم سەردەمە ئەوەی توانیان و ئەوەی پێیان کرا بۆ ڕزگاری و ئازادی نەتەوەکەیان کردیان. لە بەرنامەی ئێمەدا پتەوکردنی سەنگەری شاخ و سەنگەری شار لە گرینگترین ئەرکەکانن. چونکە لەو باوەڕەداین کە نەوەی ئێستای کوردستان نەک لە توانایدایە کە خاوەندارەتی لە مێژوی سمکۆ، پێشەوا، قاسملوو و شەرفکەندی و ئەوانی تر بکات، بەڵکوو دەتوانێ کۆمەڵگای کوردستان بگەیەنێتە دوامەنزڵ کە ڕزگاری بێ. بۆیە ڕووی قسەمان لە ئیوە لاوانی نیشتمانپەروەر و هەڵوەدای ئازادیی کوردستانە کە ئەم نیشتمانە لە ماکۆوە تاکوو لوڕستان ، تینووی خەبات و چاوەرێی ئەندێشە و پراکتیکی ئێوەیە. کۆمەڵگای خۆرهەڵات چاوی لە نەوەیەکە کە بۆ پاراستنی کوردستان لە سەنگەری پێشەوە بێت و بە وشەکانی، جیهانی فکر و کردەوەی داگیرکەر بهەژێنێ و کوردستان بکاتە گۆڕەپانی راستەقینەی بەرەنگاری لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان.

لێرەوەیە کە یەکێتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە باوەڕێکی قووڵ بە تواناکانی لاوانی دەروەستی کوردستان، دەیهەوێ لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی خۆی هەڵبداتەوە و شەرەفی ئەوەی هەبێ کە ببێت بە لانکە و مەکۆیەکی جێگای متمانە بۆ لاوانی خۆرهەڵاتی وڵات. بۆیە چاومان لە پەیوەستبوونی بەردەوامتان بە خەباتە و چاوەڕوانی هێزگرتنی زیاتری خەباتی شارین کە لاوانی خۆرهەڵات ئەکتەری سەرەکیی ئەو گۆڕەپانە بن.