کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ

11:29 - 25 گەلاوێژ 2721

یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی بۆ حیزبی دێموکرات نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

 برای بەڕێزمان كاک مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

بەڕێزان ئەندامانی دەفتەرى سیاسیى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

سڵاوێكی برایانەى گەرم...

بەڕێزان؛ بە ناوی خۆمان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی ئەندامانى یەكیەتیی نەتەوەیی دێموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی (٧٦) حەفتاوشەشەمین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبە تێكۆشەرەكەتان (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوى هەڤاڵانى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەكەین و هێڤیدارین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبەکەتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لەپێناو خزمەتكردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان.

بەڕێزان؛ لە كاتێكدا كە یادی دامەزراندنی "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" دەكەنەوە، كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتى كوردستان لە ڕەوشێكی زۆر ناسک و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنەپێشی كۆمەڵێک ئەگەر و پێشهات و گۆڕانکارىی مەزن دەكرێت، لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە ڕەچاوى بەرژەوەندیی باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و لەپێناو یەكیەتی و یەكدەنگیی كوردان و سوود وەرگرتن لە گۆڕانکارییەکان خەبات بكەین، بێگومان یەکبوون و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکمانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمن و ناحەزانمان، بە باوەڕی ئێمە لەم پێناوەشدا یەکگرتنەوەى هەردوو حیزبى دێموکرات و پێکهێنانى بەرەیەک بۆ هێزەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەرتاسەرى دەبێتە فاكتەری سەرەكیی یەكڕیزیمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لە پێناو ئەم ئامانجەدا تێبكۆشین.

لە كۆتاییدا؛ دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و سڵاو لە خەبات و بەرخۆدانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین و بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانین و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتن بۆ خەباتی ڕۆژهەڵاتى وڵات دەخوازین و جەخت دەكەینەوە لەسەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پێوەندیی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە ڕەواكانمان.

لەگەڵ سڵاو و ڕێزى دووبارەماندا

هەر بژین و سەركەوتوو بن بۆ كورد و كوردستان

براتان

غەفوور مەخمووری

سکرتێری گشتی

یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان