کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان بەبۆنەی بەڕێوەچوونی نەورۆز

10:49 - 7 خاکەلێوه 2722

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی بەڕێوەچوونی نەورۆز لە سەرتاسەری کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

نەورۆز هێمای مێژویی و نەتەوەیی گەل

نەورۆز هێمای ڕەنگەکان، هێمای ژیانەوەی سروشت و هێمای سەرکەوتنی گزینگی خۆر بەسەر بەستەڵەکی زستان و تاریکییە. گەلی کورد لە نەورۆزی ٢٧٢٢ی کوردی سەلماندیان کە نەورۆز هێمای نەتەوەییە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەکۆی خەبات و ڕاسانە و ڕێژیمی ئێران ناتوانێت نەورۆز و کوردایەتی و نەورۆز و ڕاسان لێک جیا بکاتەوە. خەڵکی کورد هەر لە ماکۆوە هەتا ئیلام ئاگری نەورۆزیان بە جامانە و هەوری و هەڵپەڕکێی کوردەوارییەوە ڕازاندەوە و "نا"یەکی گەورەیان بە ڕێژیمی ئێران وتەوە.

یەکیەتیی پیشەیی ماموستایانی کوردستانی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی شکۆداری نەتەوەیی نەورۆز لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت لە مامۆستایان و قوتابییانی ئازیز، گرتن و زیندانیکردنی چالاکانی شار بە بیانووی بەڕێوەبردنی جەژنی نەورۆز لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکات و هیوادارین هەموو دەسبەسەرکراوەکان و بە تایبەت دەسبەسەرکراوانی قوتابیی جەژنی شکۆداری نەورۆز بە زووترین کات ئازاد بکرێن.

هەروەها لە بەرەبەری ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، لەگەڵ ڕێباز و ئامانجەکانی سەرداری شەهیدان "پێشەوا قازی" یەکەم سەرکۆماری کورد پەیمانی وەفاداری نوێ دەکەینەوە کە تا سەرکەوتن لە سەنگەری قوتابخانە و زانکۆدا لە خەباتی شار بەردەوام بین.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی