کوردستان میدیا

دووشەممه 23ی پووشپەڕ 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ئەندامانی حیزبی دێموکرات به‌بۆنەی هاتنی ساڵی نوێ

11:59 - 1 خاکەلێوه 2720

ئەندامان و لاینگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی تەنگیسەر سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بە بۆنەی ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

مزگێنی دا بە سروە بای بەهاری

وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری

بە تیشکە تێک شکا سپای کڕێوە

هاواری ڕۆژ گەیشتە خاکەلێوە

ئێمە وەکوو ئەندامانی نەهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەنگیسەر، ساڵی تازەی ساڵی ٢٧٢٠ی کوردی لە هەموو تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بە تایبەت بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر، هەموو پێشمەرگە قارەمانەکان و بەگشتی خەڵکی بە شەرەفی کوردستان پیرۆز دەکەین.

بەداخەوە ئەمساڵ بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا ڕێوڕەسمی بەشکۆی نەوڕۆز لە گوندی نەورۆزی تەنگیسەری سەربەرز و بە گشتی لە کوردستان بەڕێوە ناچێت، هەر بۆیە بۆ ڕەچاوکردنی بوارەکانی تەندروستیی خەڵک لە ماڵەکانی خۆیان ئەم ڕێوڕەسمەیان بەڕێوە بردووە.

بەڕێوەنەچوونی ئەم مەراسمە بە شێوەیەکی بەرین و بە شکۆ هیچ لە هەستی نیشتمانپەروەری و ئەرکی نەتەوەییمان کەم ناکاتەوە و هەتا مردن بۆ خاک و نیشتمان تێدەکۆشین و لە ماڵ دەمێنینەوە بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانمان؛ بە هێوای ئەوەیکە ساڵی داهاتوو لە کوردستانی ئازاد لە دەوری یەک جێژنی سەری ساڵ بگرین.