
کۆمەڵێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەقز، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
کەمئەندامانی سەنگەر!
زیندانییانی خۆڕاگری سیاسی!
پێشمەرگە قارەمانەکانی شاخ و شار!
لە شاری سەقزی هەمیشە دێموکراتەوە سڵاوتان بۆ دەنێرین و پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە ئێوە و هەموو خەڵکی بەشەرەفی کوردستان دەکەین .
۲٦ ی سەرماوەز ڕۆژی ڕێزگرتنە لە بوێری و گیانفیدایی ڕۆڵە بەجەرگەکانی کوردستان کە بە دژی داگیرکەر ڕاپەڕیون و پشتیان لە هەموو خۆشییەکانی ژیان کردووە. پێشمەرگە بۆ ژیان و داهاتوویەکی باشتر خەبات دەکات و لەم ڕێبازە پڕسەروەرییەدا ، شۆڕشگێڕانە و ماندویینەناسانە، ئاوات و خولیاکانی داگیرکەری کردووەتە بڵقی سەر ئاو .
لەم ڕێبازەدا پێشمەرگەکان و بنەماڵە بەڕێزەکانیان زۆرترین ئازارەکان دەچێژن و بێگومان ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستان خۆمان بە قەرزداری ئەوان دەزانین و سەری کڕنۆش لە بەرانبەر خۆڕاگری و گیانبازییەکانیان دادەنەوێنین .
لەم ڕۆژە پڕشکۆیەدا پەیمانی وەفاداری لەگەڵ هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان نوێ دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین هەتا دوایین پشوو هاوڕێ و هاوکار و پشتیوانی خەباتەکەیان بین .
مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆریست و مرۆڤکوژی ئاخوندی
سەرکەوتوو بێت خەباتی پێشمەرگانە، بۆ ڕزگاریی کوردستان و کورد